ئەنفال وەک دۆخی ئاوارتە، کورد وەک مرۆڤی بێماف

محمد فائق
• پرۆسەی شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێک بوو لەو زنجیرە تاوان و جینۆسایدەی کە دەوڵەتی پێشووی عێراق دژ بە خەڵکی کوردستان پیادەی کرد، هەریەک لەو تاوانانە پیادەکردنێکی لەسەرخۆ و بەرنامەداری (بێمافکردن)ی مرۆڤی ئێمە. مرۆڤی بێماف یان هۆمۆساکەر، چەمکێک بوو کە بۆ یەکەمین جار یاساناسەکانی ڕۆما دەرهەق بەو مرۆڤانە دایانهێنا کە دووچاری تاوانێک دەبوونەوە و ماهیەتی تاوانەکە وای لێ دەکردن کە چیدی شیاوی ئەوە نەبن بکرێنە قوربانیی بۆ خوداکان؛ لەهەمبەردا، ئەو مرۆڤانە ئەگەر هەر کەسێک بیکوشتنایە بە تاوانبار هەژمار نەدەکرا. دۆخی ئەم مرۆڤانە بە (ژیانی ڕووت) ناودەبرێت: مرۆڤێک بێ هیچ مافێکی مەدەنی، بەڵام زیندوو. بەعس مرۆڤی ئێمەی وەک هۆمۆساکەر تەماشا دەکرد و ئەو تاکە تاوانەیش کە کردبووی بە هۆمۆساکەر کوردبوون بوو، بەڵام بۆ ئەوەی لە دۆخی ژیانی ڕووتیشدا لەناوی ببات و نەیهێڵێتەوە، پێویستی بە هەلومەرجێک بوو کە فەیلەسوفی ئیتاڵی، جۆرجیۆ ئاگامبێن بە (دۆخی ئاوارتە) ناوی دەبات. دۆخی ئاوارتە بریتییە لە هەڵگرتنی یاسا و هەڵپەساردن یان پێشێلکردنی بەبیانووی مەترسی یان هەلومەرجی نەخوازراو، تا لەو ڕێگەیەوە کردەیەکی دەرە یاسا ئەنجام بدرێت.
• بەعس بە ڕاگەیاندنی دۆخێکی ساختەی ئاوارتە، هەنجەتی ئەوەی بەخۆی دا کە بە دڕندانەترین شێوە خەڵکی کوردستان جینۆساید بکات. دیارە دەبێت بۆ ئەوەی ئەم کارەیش بکات سەرەتا خەڵکێکی وەک بێماف دەستنیشان کردبێت تاکوو لە دۆخێکی ئاوارتەدا لەناویان ببات و هیچ یاسایەکیش نەبێت پێشی پێ بگرێت. دیارە ئەم ڕوانینە بەدناوە بەرهەمی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نەبوو، بەڵکوو سەرچاوەی لە تێگەییشتنێکەوە هاتبوو کە کوردبوونی ئێمەی بە مەترسییەکی گەورە دەبینی بۆ سەر شوناسی خۆی. کورد لە دۆخی پێش ئەنفالدا دەبایە وەک مرۆڤێکی بێکەرامەت لە ژیانێکی ڕووتدا بمێنێتەوە، تەنها کوردبوونی بەس بوو کە دەوڵەت لە هەموو شوێنێکدا وەک تاوانبارێک بیگرێت و گرفتی بۆ دروست بکات. خەڵکی کوردستانیش بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەلومەرجە دزێوەدا نەمێننەوە خەباتێکی بێوچانیان دەکرد. ئەم خەباتە تاکە بیانوو بوو بەدەست دەوڵەتی عێراقەوە تاکوو دۆخی ئاوارتە دژ بە گەلی کوردستان ڕابگەیەنێت و دەست بە لەناوبردنی بکات.
• بە درێژایی دەسەڵات و دەوڵەتی بەعس، مرۆڤی کورد وەک مرۆڤێکی بێماف تەماشا دەکرا، بەعس بیانوو لەدوای بیانوو دۆخی ئاوارتەی ڕادەگەیاند و مرۆڤی کوردی لەناودەبرد. ئەنفال و هەڵەبجە دوو نموونەی دیاری ئەم پرۆسەیەن؛ بەڵام گرتن و لێسەندنەوەی ناسنامە و ئۆردوگای زۆرەملێ و... هتد بەشێکی دیکەی ئەم پرۆسەیەبوون کە هیچ نەبوون جگە لە ئامادەکردنی خەڵکی ئێمە بۆ ناو دۆخێکی ئاوارتەی درێژمەودا کە نزیکەی ٣٥ ساڵی خایاند.