ساکک دەڵێ، ئەو سیاسەتەی تورکیا کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کورد دامەزراوە و ماوەیەکی دوور و درێژە دەستیپێکردووە، لەم ساڵانەدا گەیشتووەتە دۆخێک کە چی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە درێژەی پێ نادرێت و کاری لەسەر ناکرێ. هەروەها دەڵێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان 40 ساڵە ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە دیدارێک لەپێناو چارەسەرکردن نیشانداوە و ئامادەیە.
تورگوت ئۆزاڵ، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا، یەکەمین سەرۆککۆمار بوو کە لە پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاوی نا. ئەوکات سری ساک لەسەر داواکاریی ئۆزاڵ سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی کورد کۆبووەوە و تاوتوێی پرۆسەی ئاشتییان کرد.
لەمبارەیەوە ساکک گوتی: "ئەوکات نیگەرانیی بەڕێز ئۆجەلان ئەوە بوو کە ئۆزال لاوازە و هێزەکانی نێو دەوڵەت دەتوانن بیکوژن، کە هەرواش دەرچوو. هێشتا ئێمە لە شام بووین، هەواڵی مردنی ئۆزالمان پێگەیشت. بەڵام ئەمڕۆ زەحمەتە لەنێو دەوڵەتدا چەتەی هاوشێوە بدۆزیتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی داخراو رایگەیاند، نیگەرانیی لەدەستدانی دەنگ، کاردانەوەی جەماوەرە نەتەوەییەکە و زۆر شتی دیکە هۆکارن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوەببرێ. هەروەها باسی لە بوونی چەند لایەنێکی دژی پرۆسەکە کرد.
ساکک گوتی، لە پرۆسەی چارەسەریدا لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە تەواوی هاوڕا نین و تێڕوانینیان جیاوازە، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی پرۆسەکە لەڕێی دانوستاندنەوە بگاتە ئەنجام.
هەروەها لەبارەی بوونی هەڵمەتی دژی پرۆسە و هەوڵەکانی تێکدەری، ساکک رایگەیاند، ئەو کارانە لەلایەن نەتەوەپەرستەکانەوە دەکرێن و گوتی:"ئەگەر ئاشتی بەدی بێت، ئەوانە ناتوانن بچنە سەر شاشە، ناتوانن نەتەوەپەرستی و نەتەوەپەرستی بفرۆشنەوە، بۆیە بە گوتاری تووند هەوڵی هاندانی کۆمەڵگە بۆ خراپە دەدەن".
کۆماری تورکیا تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێکی وەکو چاوی سێیەم یان وڵاتی چاودێر بۆ پرۆسەی چارەسەری پەسندنەکردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە شاندی دەوڵەت و دەم پارتی بە فەرمی بۆی هاتوون و تاوتویی پرۆسەکەیان کردووە.
سری ساکک رایگەیاند، دڵنیا نییە لەوەی ئایا هەرێمی کوردستان وەک چاوی سێیەم دەبینرێ یان نا، هاوکات گوتی:"بەشداربوونی لایەنەکانی باشووری کوردستان لەم پرۆسەیەدا گرنگ دەبێت. بە بڕوای من رۆڵی ئاسانکار، ناوبژیوان و پاڵپشت دەگێڕن".
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیی ئەرێنیی نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنقەرە و کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە گوتی:"بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی بەهادار دەگێڕێت. پرۆسەیەک باشووری تێدا نەبێت، زۆر بە زەحمەت و پڕ مەترسی بەڕێوەدەچێت".