ترەمپ: بێئومێد بووم کە زیلینسکی پڕۆژەی ئاشتیی نەخوێندووەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "کەمێک بێئومێد" بووە لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بەهۆی ئەوەی گرنگی بەو پلانە نەداوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ رووسیا ئامادەکراوە و پلانەکەی نەخوێندووەتەوە.

كانوونی یەکە 8, 2025 - 09:59
ترەمپ: بێئومێد بووم کە زیلینسکی پڕۆژەی ئاشتیی نەخوێندووەتەوە
رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن، دۆناڵد ترەمپ لەسەر فەرشی سووری رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ناوەندی کەنەدی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا گوتی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ سەرۆک پووتین کردووە، قسەمان لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرایناش کردووە، لەنێویاندا [..] سەرۆک زیلینسکی. دەبێت ئەوە بڵێم کە کەمێک بێئومێد بووم لەوەی سەرۆک زیلینسکی تاوەکو چەند کاژێرێک پێش ئێستا پێشنیازەکەی نەخوێندووەتەوە."
 
دانوستاندنی چەند رۆژەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراینا بە بەشداریی زیلینسکی، رۆژی شەممە بێ ئەنجامێکی دیار کۆتاییهات، هەرچەندە زیلینسکی پابەندبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر بە ئاراستەی "ئاشتیی راستەقینە" دووپاتکردەوە.
 
ئەو گفتوگۆیانە دوای ئەوە هاتن کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا لە کۆشکی کرێملین لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە و مۆسکۆ بەشێکی پێشنیازەکەی ئەمریکای رەتکردەوە.
 
پلانی ئەمریکا لەوکاتەوەی مانگی رابردوو خرایەروو، چەندین رەشنووسی بۆ کراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت کە بەرامبەر رووسیا زۆر "نەرمە".