16ی ئەیلوولی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو."
رۆژی یەکشەممە، 21ی ئەیلوولی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی وەزارەتەکانی دارایی و پێشمەرگە بە ئامادەبوونی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کۆببنەوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یەکخستنی هەژماریی ژمێرکاریی هێزەکانی یەکەکانی 70 و 80 بکرێ، بەو ئامانجەی هەردووکیان بکرێنە یەک هەژمار."
ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە بزانین چ میکانیزمێک گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هەژماری هێزەکانی پێشمەرگە."
دوای کۆبوونەوەکەی 16ی ئەیلوولی 2025 بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو و رێککەوتن کرا."
لەبارەی رێککەوتنەکەوە ئەو بەرپرسە گوتی: "بڕیارە ئەم مانگە یەکەی ژمێریاری بۆ هێزی پێشمەرگە بکرێتەوە. کردنەوەی ئەو یەکەیە دەبێتە دوایین قۆناخ بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دوای ئەوە یەکەکانی 70 و 80 دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە."
یەکەکانی 70 و 80 دوو هێزی پێشمەرگەن. یەکەی 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و یەکەی 70 سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەو بەرپرسە گوتیشی: "دوای ئەوەی یەکەی ژمێریاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرایەوە، یەکەکانی 70 و 80 سەر بە پارتی و یەکێتی نامێنن و دەبنە فەرماندەیی دەڤەر و دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە."