سەندیکاکە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی نزیکەی 19,500 دەرهێنەری فیلم و تەلەڤزیۆن دەکات لە ئەمریکا و دەرەوەی ئەو وڵاتە، جگە لەوەی ساڵانە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی (DGA) رێکدەخات.
نۆلان، بە پاڵپشتیکارێکی دیاری ئەزموونی سینەمایی، گوتی: "پیشەسازییەکەمان بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت و سوپاسی ئەندامانی سەندیکاکە دەکەم بۆ متمانە بەخشین بە من بۆ ئەم بەرپرسیارێتییە".
سەرکەوتنی گەورەی فیلمی (ئۆپنهایمەر) لە بۆکس ئۆفیسدا و زیاتر لە 976 ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستهێنا، وای لە زۆر کەس لە پیشەسازییەکەدا کرد دووبارە بیر لە توانای راکێشانی جەماوەرێکی فراوان بکەنەوە بۆ فۆرماتێک کە تا ماوەیەکی کورت لەمەوبەر لە مەترسیی لەناوچووندا بوو. تەنیا دەیەیەک لەمەوبەر، کۆمپانیای کۆداک بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی مایەپووچبوون و پیشەسازییەک کە بەرەو دیجیتاڵ دەچوو، خەریک بوو بەرهەمهێنانی فیلم رابگرێت، بەڵام فیلمسازانی وەک نۆلان، مارتن سکۆرسێزی و چەندانی دیکە هەوڵیان دا بۆ هێشتنەوەی.
نۆلان جێگەی لێسلی لینکا گلاتەر دەگرێتەوە، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆکایەتیی کۆمەڵەکەی کرد و بەنێو مانگرتنەکانی هۆڵیوودی ساڵی 2023ـدا تێپەڕی. نۆلان رایگەیاند، چاوەڕوانی هاوکاریکردنە لەگەڵ گلاتەر و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن "بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاریی گرنگی داهێنەرانە و ئابووری بۆ ئەندامانمان".
نۆلان لە 2001ـەوە ئەندامی سەندیکاکەیە و لە 2015ـەوە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی (DGA) و ئەنجوومەنی دەرهێنەرانی رۆژئاوا کاری کردووە، جگە لە سەرۆکایەتیکردنی لیژنەکانی مافە داهێنەرانەکانی سینەما و ژیریی دەستکرد. لە 2024 خەڵاتی باڵای سەندیکاکەی بۆ فیلمی (ئۆپنهایمەر) بەدەستهێنا و پێشتریش چەند فیلمێکی دیکە بۆ خەڵاتەکە بەربژێر بوو.
سەرچاوە: ڕووداو