بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی: "ئەوانەی کۆچیان کردووە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، پاشان ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی: "خەڵکی سەنتەری پارێزگاکان کەمتر کۆچ دەکەن، ئەوەش بەو هۆکارەی هەلی کار زیاترە لەوێ، چونکە ئەوانەی کۆچ دەکەن لە قەزا و ناحیەکانەوە 80%یان بەهۆی نەبوونی کارەوەیە".
لەبارەی سەرچاوەی ئامارەکانیانەوە، بەکر عەلی گوتی: "نوێنەرانمان لە یۆنان، ئیتاڵیا و فەرەنسا هەن، هەروەها داتا لە دەڵاڵ و قاچاخچییەکانی تونس، لیبیا و تورکیا وەردەگرین کە رۆژانە چەند بەلەم دەردەچن و چەندیان کوردن".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە 8 مانگی ئەمساڵدا سێ بۆ چوار هاونیشتمانی لەڕێگەی کۆچدا گیانیان لەدەستداوە.
بەشێکی ئەو کۆچبەرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن، بەهۆی دەستگیرکردنیان لە وڵاتانی وەکو لیبیا، تونس، تورکیا و یۆنانەوە ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە، بەڵام سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژە بەوە دەکات: "زۆرینەی گەڕاوەکان دیسان کۆچ دەکەنەوە، چونکە پارەیان بۆ قاچاخچی خەواندووە و پارەکەیان پێ نادەنەوە و دەڵێن دووبارە دەتانگەیێنین".
زۆرینەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن گەنجانن، ئەم ساڵ زۆرترین کۆچبەریش لە وڵاتانی لیبیا و تونسەوە کۆچیان کردووە و بەشێکیشیان وەکو رابردوو رێگەی تورکیایان بەرەو یۆنان و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا گرتووەتەبەر.
سەرچاوە:ڕووداو