شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە پارێزگاکە دەکات و هەموو ناوچەکانی ورمێ دەگرێتەوە.

ئازاری 5, 2025 - 02:32
شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، مەهدی سابری، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، سبەی چوارشەممە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و شەپۆلەکە زوو کۆتایی دێت.

 سابری پێشبینی دەکات دوای ئەو شەپۆلە، پلەی گەرما 3 بۆ 5 پلە بەرز دەبێتەوە. کەشناسیی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، سبەی شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین و سەرما پارێزگاکە دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت، تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و شەپۆلەکە بای بەهێز و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت.

 بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای سنە، دوای نیوەڕوی سبەی، شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، شەپۆلەکە بای بەهێز و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، مەودای بینین کەم دەبێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

 لەبارەی کەشوهەوای کرماشانیش، کەشناسیی پارێزگاکە باس لەوە دەکات، سبەی شەپۆلی بارانبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و هوشداریی دروستبوونی لافاویش دەدرێت.

 هاوکات، کەشناسیی لوڕستان دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفر و باران بەشی زۆری پارێزگاکەی گرتووتەوە و تاوەکو رۆژی یەکشەممە هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

 شەپۆلەکە بای بەهێز و بەفر و باران و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت.

سەرچاوە: ڕووداو