700 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە، دوایین کات بۆ گەڕاندنەوەی پێنجشەممەیە

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، هەر کەس خۆی تۆمارنەکردووە خۆی تۆمار بکات، چونکە پێنجشەممە دوایین رۆژە. ئاماژە بەوەش دەکەن، گواستنەوەی فۆڕم و زیادکردنی ناو دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

تشرینی یەکەمی 16, 2025 - 09:55
700 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە، دوایین کات بۆ گەڕاندنەوەی پێنجشەممەیە
10-11-2025 وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی فۆڕمی خۆراک بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکەنەوە بۆ ئەو خێزانانەی لە قۆناخی سەرەتادا ناویان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕدراوە.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە  گوتی: "جگە لەوانەی خۆیان بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە، رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن".
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، "87%ی هاونیشتمانییان لە قۆناخی یەکەمدا خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارکردووە، بەڵام بەهۆی تۆمارنەکردنەوە نزیکەی 699 هەزار و 400 خێزان ماوەی دوو مانگە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕدراوە".
 
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد: "تاوەکو پێنجشەممە، 20ـی ئەم مانگە خۆیان تۆمار بکەن، چونکە دوایین رۆژە و بەپێچەوانەوە لە داهاتوودا تۆمارکردنی بێ بەرامبەر نامێنێت."
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێنجشەممە دواڕۆژە و هەرکەس خۆی تۆمار نەکات بەشەخۆراکی بۆ ناگەڕێتەوە".
 
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. هەرچەند فۆڕمی خۆراک کرایە ئەلیکترۆنی و بڕیار بوو کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پرۆسەکە راگیراوە.
 
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر گوتی: "کردنەوەی خزمەتگوزاری بۆ زیادکردنی ناوی منداڵ و گواستنەوەی فۆرمی خۆراک، دەکەوێتە ساڵی نوێوە".
 
2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ داخرا.
 
پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.