گەنجێکی زاخۆیی پلاتفۆرێکی دروستکردووە؛ وەرگێڕانی کوردی بۆ 250 زمان دەکات

گەنجێکی زاخۆیی پلاتفۆرمێکی بەناوی وەرگێڕان داناوە، کە دەتوانێت وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ 250 زمان و بە پێچەوانەشەوە بکات و دەڵێت، بە رێژەی 80 بۆ 90% بەشێوەیەکی دروست وەرگێڕان دەکات و لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ زیادکردنی داتا بۆ ئەوەی ئاستەکەی بگاتە 100% ، بۆ ئەمەش ژیریy دەستکردی لە دروستکردنیدا بەکارهێناوە.

تشرینی یەکەمی 16, 2025 - 13:17
گەنجێکی زاخۆیی پلاتفۆرێکی دروستکردووە؛ وەرگێڕانی کوردی بۆ 250 زمان دەکات
جیهاد کوردۆ، گەنجێکی زاخۆیە و دوو ساڵە کولێژی تەواوکردووە، لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە پلاتفۆرمەکەی کرد و گوتی، "یەکەم و زیرەکترین پلاتفۆرمی وەرگێڕانە بە زمانی کوردی، بە هەرسێ زاراوەی کورمانجی، بادینی و سۆرانی دەتوانێت وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ 250 زمان و بە پێچەوانەوە و بە نووسین و دەنگ بکات". 
 
جیهاد لەمیانەی گفتوگۆکەدا بە جۆشێکی گەورەوە لەبارەی پلاتفۆرمەکەیەوە قسەی دەکرد، باسی لە چۆنییەتی دروستکردنی و تواناکەی دەکرد و گوتی، "من بە تەنیا و بۆ ماوەی دوو ساڵە کارم لەسەر کرد تاوەکو گەیشتمە ئەو ئەنجامە، بۆ ماوەیەکی درێژ خەریکی کۆکردنەوەی داتا بووم، کە کێشەی سەرەکی من بوو، بەڵام لەلایەنی پرۆگرامسازییەوە هیچ کێشەم نەهاتەپێش." 
 
لەبارەی ئاستی هەڵەکردن لە پلاتفۆرمی وەرگێڕاندا، جیهاد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بەردەوام هەوڵ دەدات داتای بۆ زیادبکات، بۆ ئەوەی ئاستی هەڵەکردن کەمبکاتەوە و دەڵێت، "بۆ ئەمەش هەوڵی بەهێزکردنی ژیریی دەستکرد لەنێو پلاتفۆرمەکەدا دەکەم." 
 
ئەم گەنجە باسی لە چۆنیەتی دروستکردنی ڤێرژنی یەکەمی دەکات، کە زیاتر لە 20 هەزار دێری وەرگێڕاوی بەکارهێناوە و گوتی، ئێستا مانگانە 25 هەزار بەکارهێنەری کارا لە نێو پلاتفۆرمەکەدا هەن، کە زۆرترینیان قوتابی زانکۆن. 
 
پلاتفۆرمەکەی جیهاد ئێستا بێ بەرامبەرە و دەڵێت، "لە پلانمدا نییە ئەو تایبەتمەندییانەی ئێستا هەن بیکەم بە پارە، رەنگە لە داهاتوودا هەندێ تایبەتمەندی دیکە زیاد بکەم و بە پارە بێت."