‎هەڵبژاردن و چاڵێنجی نێچیرڤان بارزانی

تشرینی یەکەمی 4, 2025 - 10:19
‎هەڵبژاردن و چاڵێنجی نێچیرڤان بارزانی

عومەر هەورامی

هەمیشە بیروباوەڕ، سرووشت، رەوشتی کار و بەهاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان  وایکردووە هەڵمەت و بانگەشەی ئەم حیزبە، لە هەموو هەڵبژاردنەکان دا، لەوانی دیکە جیاوازتربێت. لە هەر هەڵبژاردنێکدا لە ماوەی رابردوو دا، پارتی بە دیدگایەکی روون بانگەشەی هەڵبژاردنی کردووە، بۆیە بەردەوام کرۆکی بانگەشەکەی زیاتر سەرنجی لەسەر بەرنامە و کاری پارتی بووە نەک ئەوانی دیکە چییان کردووە و چی دەکەن. هەروەک چۆن لە رابردوودا پارتی لەپێناو ئازادی و رزگاری کوردستان و پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، بە پشتیوانی گەلی کوردستان تێکۆشاوە، ئێستاش زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستان رەوایی و نوێنەرایەتی دەداتە پارتی، چونکە دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و دیدگایەکی روون دەتوانێت نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردستان بێت. 

 

دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی لە سەرەتای بانگەشەی پارتی دا بە روونی ئاماژەی بەوەکرد، عێراق لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر بنەمای هاوبەشی نەتەوەی کورد و عەرەب دامەزرا، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش جارێکی دیکە دەستووری هەمیشەیی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی،  هاوسەنگی و رێککەوتنی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی عێراق پەسەند کرا. هەر لەم سۆنگەیەوە سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە جەختی لەوەکردەوە، کە داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ و سەرکەوتنی بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە. دەستوور مانای راستەقینەی نابێت، ئەگەر لە حکومڕانیدا دادپەروەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی گشتی دا نەبێت. 

 

بە وردبوونەوە لە بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تێبینی ئەوە دەکرێت، بەشێک لە گوتاری پارتی، لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، گوتاری مانەوە و پێشەنگەییە. چونکە پارتی بۆ هەرێمی کوردستان تەنها حیزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە شۆڕش دا سەنگەری مانەوە و خۆڕاگری بووە و لە حکومڕانیشدا سەرمەشقی ئارامی و ئاوەدانییە. مێژوو پێمان دەڵێت؛ زۆر کەس و لایەن گرەویان لەسەر شکستی هەرێمی کوردستان و پارتی کردووە، بەڵام ئیرادەی بەرزی سەرکردایەتی ئەم حیزبە و پاڵپشتی فراوانی گەلی کوردستان، پارتی و هەرێمی کوردستانی بە بەهێزی لە گۆڕەپانی سیاسی دا هێشتووەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو حیزبێکی  گەورە و کاریگەر، بەڵێنی پێشەنگی و هیوای زیاتر بە گەلی کوردستان و پاراستنی مافە سەرەتایی و دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق دەدات.

 

لەم سۆنگەیەوە، بۆ دەستبەرکردنی بەهێز مانەوەی هەرێمی کوردستان و پێشەنگایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یەکەم دەرکەوتن و گوتاری دا، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، پاش خستنەڕووی گرنگی و جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، بە باوەڕێکی قووڵ و گڕوتینەوە داوای یەک ملیۆن دەنگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. لەم کاتەدا کە عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، جەنابیان وەکو سەرکردەیەکی ژیر، پێشبینی شەپۆلی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەکات و بە پێویستی دەزانێت لەم بارودۆخە گۆڕاوەدا، نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بەهێزبێت. لەم نێوەندەشدا؛ پارتی دیموکراتی کوردستان باشترین نوێنەر و پارێزەری راستەقینەی هەرێمی کوردستان و جێگەی ئومێد و هیوای گەلەکەیەتی. 

 

هەر لەگەڵ ئەم چالێنجەدا، داوای پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکانی هەڵبژاردن و بنەماکانی بانگەشەی تەندروست، پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان، هەروەها داوای پاراستنی ئاسایش و ئارامی و دووربوون لە ناوزڕاندنی رکابەرەکانی دەکات. لێرەوە، جارێکی دیکە، جیاوازی گوتاری نێچیرڤان بارزانی و سەرکردەی حیزبە کوردستانی و عێراقییەکان دەردەکەوێت، لەگەڵ چالێنج و کێبڕکێکردن لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، بە زمانێکی ئاست بەرز، پابەند بە یاسا و ڕێکارەکانی هەڵبژاردن، دوور لە ناوزڕاندن و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی، بانگەشە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

 

لە راستی دا، شێوازی بانگەشە و گوتاری رێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە داهاتوودا، بابەتێکی پڕ بایەخە بۆ توێژینەوە، چونکە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک هەر سەرکردەیەک لە سەکۆی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن دا تەنیا خۆی نمایش ناکات، بەڵکو هەوڵدەدات بانگەشە و گوتاری لە خانەی یاسادا بێت و پاڵپشتی زیاتری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پرۆسەی دیموکراسی بکات. لەلایەکی دیکەش چالێنجی بەڕێزیان بۆ بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ، هونەر و هێزێکی دەروونی زیاتر دەبەخشێتە بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو دەنگەکانی لەم هەڵبژاردنەدا زیاد بکات. لەم سۆنگەیەوە، باشتر وایە لە ماوەی چەند رۆژی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن دا زیاتر کەڵک لەم گوتار و هونەرە وەربگیرێت.