( فەلسەفەی ناوەڕاستی زێڕین هونەری هاوسەنگی لە دیپلۆماسیەتی هەرێمدا )

تەمووزی 5, 2026 - 17:24
( فەلسەفەی ناوەڕاستی زێڕین هونەری هاوسەنگی لە دیپلۆماسیەتی هەرێمدا )

ڕێبین ڕەحیم

سەردانی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشداریکردن لەمەراسیمی ماڵئاوایی لە ڕوفاتی ئایەتوڵا خامنیەئی لە کاتێکدایە پاشماوەکان ئەم دوایەی جەنگی ئێران ئەمریکا ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ماون و ئاڵۆزیەکان کۆتاییان نەهاتوە ، ئەم سەردان و بانگهێشتنامەیە تەنها جوڵەیەکی تاکتیکی یان پرۆتۆکۆڵێکی دیپلۆماسی نییە بەڵکو ئەم ڕووداوە لە جەوهەری خۆیدا بەرجەستەکردنی مۆدێلێکی تایبەتی ژیرمەندیی سیاسی و پراکتیزەکردنی فەلسەفەی هاوسەنگییە لە ناوچەیەکدا کە بە دەست جەمسەرگیریی توند و ململانێی ئۆنتۆلۆژییەوە دەناڵێنێت
لە کاتێکدا کە جیۆپۆلەتیک حوکمی حەتمییەتی جوگرافی بەسەر قەوارە سیاسییەکاندا دەسەپێنێت پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە چۆن سەرکردایەتییەکی سیاسی دەتوانێت لە نێوان بەرداشی زلهێزە نەیارە جیهانی و ناوچەییەکاندا بێلایەنییەکی ئەکتیڤ و پارێزراو بەرهەم بهێنێت؟

بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسیی پشت ڕەفتارە دیپلۆماسییەکانی نێچیرڤان بارزانی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چەمکی ( ناوەڕاستی زێڕین)ی لای فەیلەسوفی مەزن ئەریستۆ لە ڕوانگەی ئەریستۆوە فەزیلەت و ژیریی ڕاستەقینە لە ناواخنی هاوسەنگیی نێوان دوو جەمسەری توندڕەویدا سەرهەڵدەدات ، لە جیهانی سیاسەتی دەرەوەدا ئەم هاوسەنگییە دەبێتە هونەری مانەوە ، سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەک چۆن لەم سەردانە فەرمییەدا ڕەنگی داوەتەوە نیشانیدەدات کە نێچیرڤان بارزانی تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ ئەم فەزیلەتە ئەریستۆییە هەیەو کاری لەسەر دەکات ئەو لەبری ئەوەی هەرێمەکە بکاتە بەشێک لە بەرەبەندییە ئایدۆلۆژییەکان هێڵی هاوسەنگی هەڵبژاردووە ئەم ستراتیژە تێڕامانەکەی فەیلەسوف و بیرمەندی گەورەی فەرەنسی ڕیمۆند ئارۆنمان بەبیردەهێنێتەوە کاتێک لە کتێبی ( ئاشتی و جەنگ لە نێوان نەتەوەکان) دا دەڵێت ( دیپلۆماسیەتی دەوڵەتمەداری ژیر لەوەدا کورت دەبێتەوە کە چۆن لە ناو جەرگەی هاوپەیمانێتییە پێویستەکاندا دەرگا و پەنجەرەکانی گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەکانتدا بە کراوەیی بهێڵیتەوە) شکستی سیاسی لەوێوە دەستپێدەکات کە پردەکان لەگەڵ ئەویتردا بەیەکجاری بڕوخێنیت

نێچیرڤان بارزانی بەم لۆژیکە کار دەکات لە کاتێکدا هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا و فەرەنسا دەپارێزێت لە هەمان کاتدا پێگەی قورسایی و مێژووی جیۆپۆلەتیکی هاوسێیەکی ناوچەیی وەک ئێران فەرامۆش ناکات ئەمە هاوکێشەیەکی فرەڕەهەندە کە تەنها لە ڕێگەی سەنگینیی دیپلۆماسیەوە سەرکەوتوو دەبێت

لە ئەدەبیاتی سیاسیی مۆدێرندا قوتابخانەی ڕیالیزمی سیاسی بە ڕابەرایەتی بیرمەندانی وەک هانس جۆرگێنسۆ و کێنت واڵتز پێمان دەڵێت کە دەوڵەت و قەوارە سیاسییەکان لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی فەوزەویدا دەژین کە تێیدا مانەوە و بەرژەوەندیی نیشتمانی باڵاترین پێوەرن ، بەڵام نێچیرڤان بارزانی مۆدێلێک لە ڕیالیزم پێشکەش دەکات کە تێکەڵاوە بە فەلسەفەی بەرپرسیارێتی

ئەم جۆرە لە دیپلۆماسیەت لە ڕوانگەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ماکس ڤیبەرەوە دەچێتە خانەی ڕەوشتی بەرپرسیارێتی ، ڤیبەر پێی وایە سیاسیی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە بەپێی دروشم و جۆش و خرۆشی کاتی بڕیار دەدات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە پێشبینی دەرەنجامە درێژخایەنەکانی بڕیارەکانی دەکات بۆ سەر نەتەوەکەی ، نێچیرڤان بارزانی لەم کاتە هەرە ئاڵۆز و لێڵەدا بە بێلایەنییەکی ئەرێنی و ئەکتیڤەوە هەرێمی کوردستانی لە جەمسەرگیرییە زیانبەخشەکان دوورخستووەتەوە، وەک چۆن بیرمەندی سیاسیی ئەمریکی هێنری کیسنجەر لە شیکردنەوەی چەمکی دەوڵەتمەداریدا ئاماژەی پێدەدات ( ئەرکی سەرکردە ئەوە نییە کە کۆمەڵگەکەی بەرەو ئەو شوێنە ببات کە پێی خۆشە بەڵکو ئەوەیە کە لە ناو واقیعە تاڵەکاندا ڕێڕەوێکی ئارام بۆ گەیشتن بە کەناری دڵنیایی بدۆزێتەوە)

بۆیە، ڕازیبوونی لایەنە نەیارەکانی دونیا لە ئەدای دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێم نیشانەی جێگیریی تێڕوانین و پێشبینیکراویی ڕەفتارەکانیەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە ناوچەییەکان دەزانن کە کوردستان لە ژێر سایەی ئەم عەقڵانییەتەدا نابێتە سەرچاوەی مەترسی ئەمنی یان هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک

ئەگەر لە گۆشەنیگای فەلسەفەی مۆدێرنەوە سەیری شێوازی مامەڵەی نێچیرڤان بارزانی بکەین لەگەڵ قەیرانەکاندا بە ڕوونی تیۆری کردەوەی پەیوەندیگەرایی فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی یۆرگن هابەرماس دەبینین هابەرماس پێی وایە کێشەکانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان کاتێک بەرەو توندوتیژی دەڕۆن کە زمان و گفتوگۆ تونددەبن هابەرماس داوای فەزایەکی گشتی دەکات کە تێیدا لایەنەکان لە ڕێگەی لۆژیک و گفتوگۆوە بگەنە ئەنجام و لێکگەشتن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بیروباوەڕی قوڵی خۆیدا هەمیشە وەک ئەندازیاری بنیاتنانی پردەکان ناسراوە نەک دروستکردنی دیوارو بەربەست ئەو هیچ کاتێک ڕێگەی نەداوە زمانە دیپلۆماسییەکەی بگۆڕێت بۆ زمانی هەڕەشە یان گرژی تەنانەت لەو ساتانەشدا کە فشارە دەرەکی و ناوچەییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە چ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیەکان ئەم نەرمییە ستراتیژییە وایکردووە کە پێگەی لایەنە نەیارەکان هەمیشە دەرگایەکی کراوەیان لە هەولێر هەبێت بۆ چارەسەر

ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییانە بە تایبەت پێشوازیی فەرمی و ئاستبەرز لەگەڵ  تاران چەندین دەستکەوتی گرنگ و پڕبایەخ بۆ پێگە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنن وەک بەهێزکردنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کاتێک هێزە گەورەکانی ناوچەکە و جیهان دەبینن سەرکردەیەکی کورد دەتوانێت لە تاران و ئەنقەرە و بەغدا لە یەک کاتدا وەک کارەکتەرێکی جێ متمانە مامەڵە دەکات ئەمە شەرعییەتێکی سیاسیی گەورە بە قەوارەی هەرێم دەبەخشێت 
پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لە جیهانی ئەمرۆدا هێزی ڕێکاری سەربازی تەنها کەرەستە نییە بۆ پاراستنی سنوورەکان بەڵکو هێزی نەرموو تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان گەرەنتی ڕاستەقینەن
 جگەلەوەش سەقامگیریی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سەقامگیریی ئابووری ئاوەدانی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە پایتەختی دەرەکی متمانەی زیاتری پێبێت بۆ مانیفێستکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان

لێرەوە  دەکرێت بڵێین مۆدێلی سیاسی نێچیرڤان بارزانی پێمان دەڵێت ئەگەرچی ئێمە ناتوانین جۆگرافیای خۆمان بگۆڕین بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی عەقڵانییەتی سیاسییەوە ڕێڕەوی مێژووی خۆمان دیاری بکەین ، سەردانی تاران بۆ بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمە فەرمییەدا مۆدێلی دیپلۆماسیەتی دەوڵەتمەدارانەیە  کە تێیدا سۆز و هەڵچوونی کاتی جێگەیان نابێتەوە بەڵکو ئەوە مامەڵەی دروست و هاوسەنگە کە دەبێتە قڵغانی پاراستنی نەتەوەیەک 
هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم لێهاتووییە دیپلۆماسییەوە  سەلماندوویەتی کە نەک تەنها پاشکۆی ڕووداوەکان نییە بەڵکو کارەکتەرێکی هۆشیار و هاوسەنگکەرەوەی ڕاستەقینەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.