فیلمی کوردی لە سینەمایەکی بەنێوبانگی نیویۆرک پێشاندران

پۆلیس زۆر شەقامی نیویۆرک داخستووە چونکە سەرکردەی وڵاتانی دونیا لێرەن. بەڵام گەلێکی بێ دەوڵەت، ناتوانێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاری هەبێت، بەجۆرێکی دیکە لە نیویۆرک بەشدارە؛ لە رێگەی سینەماوە. ئەم هەفتەیە بۆ ماوەی شەش رۆژ لە یەکێک لە ناودارترین سینەمەکانی نیویۆرک فیلمی فیلمسازانی کورد پێشاندەدرێن.

ايلول 25, 2025 - 10:25
فیلمی کوردی لە سینەمایەکی بەنێوبانگی نیویۆرک پێشاندران
خەیاڵ قەرتەڵ، رێکخەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە نۆیەمین فێستیڤاڵە ئەنجامی دەدەین. نۆیەمین دانە، بەدوای یەکدا. ئەمە دەکەین چونکە ئەمە شوێنێک دروست دەکات کە تێیدا خەڵکی هەر چوارپارچەی کوردستان کۆدەبنەوە و فیلم، میوزیک و سەما نمایش دەکەن. چونکە دەمانەوێت شانازی بە شوناسیانەوە بکەن".
 
بە سروودی نیشتیمانی کوردستان، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک رۆژی شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025 دەستیپێکرد. فێستیڤاڵەکە ساڵانەیە و لە 2017دامەزرا و زۆربەی ئامادەکارەکانی خۆبەخەشن.
 
لێرە رۆژانی ئاسایی، ئەو خشتەیە فیلمی بەنێوبانگی ئەمریکی لەسەرە، بەڵام ئەم هەفتەیە لە سینەمای ناودار و ميژوویی نیویۆرک، ڤیلەچ ئیست، لە هۆڵی یەکی، تەنیا فیلمی کوردی پێشان دەدرێن.
 
فیلمەکانی فێستیڤاڵ بەشە جیاوازەکانی کوردستانن و جەخت لەسەر ژیانی تاکی کورد لە ژێر داگیرکاریدا دەکاتەوە.
 
ئازاد ئازیزیان، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەڵگەفیلمی (دژی ژ بیر کرنێ) بەشدارە و دەڵێت فیلمەکە، باس لە چوار کورد لە ئامەدی باکووری کوردستان دەکات، هەریەکەیان بە جۆری خۆیان هەوڵی پاراستنی کولتووری کوردی دەدات.
 
سەنعان مورادی، مامۆستای زانکۆیە و لەبارەی گرنگی فێستیڤاڵەکە، دەڵێت: "کورد کە بتوانێت فێستیڤاڵێکی لێرە هەبێت و هەرجۆرە کۆبوونەوەیەکی کولتووری و رۆشنبیری لێرە هەببێت، پێموایە کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی دەبێت لێرە، من لێرە قسەی زۆرم لەگەڵ خەڵکی کردووە، هەندێکیان کورد دەناسن و هەندێکیان نازانن کورد کێیە، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین نەتەوەکەمان بە خەڵکی ئێرە بناسێنین و ئەمەش شتێکی زۆر گەورەیە".
 
ئامادەبووان زۆربەیان کوردبوون، بەڵام کەسی بیانیشی تێدابوو.
 
هارڤی بێرمان، دانیشتووی نیویۆرکە و بە رووداوی راگەیاند: "خوشکەزاکەم کچێکی کوردی خواستووە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی تورکیایە. هەرشتێک بەلای ئەوەوە ئازیز بێت، لای منیش ئازیزە. بۆیە منیش لێرەم".
 
لە پرسگەی فێستیڤاڵەکە، نەخشەیەکی کوردستان هەڵواسراوە، تەنیا لە دڵدا بوونی هەیە، بەڵام کورد دەڵێت ئەوە نیشتمانی داگیرکراویانە. ئەم هەفتەیە لە رێگەی فیلم و میوزیکەوەئەو پەیامەیان نارد.
سەرچاوە: ڕووداو