بەهۆی گرانبوونی، ئەمریکیییەکان لەبری هێلکە پەتاتە بۆ جەژنی هەستانەوە رەنگ دەکەن

ئەمریکییەکان بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە (قیامە یان ئیستەر) لە پشوودان، بەڵام وادیارە بۆ زۆرێکیان ئەم ساڵ کەشی جەژنەکە وەکو ساڵانی رابردوو نییە، ئەوەش بەهۆی گرانبوونی هێلکەوە.

نیسان 21, 2025 - 11:37
بەهۆی گرانبوونی، ئەمریکیییەکان لەبری هێلکە پەتاتە بۆ جەژنی هەستانەوە رەنگ دەکەن

یەکێک لە سیماکانی جەژنەکە کە ئەم ساڵ کەوتە 20ی نیسان، رەنگکردنی هێلکەیە. بەڵام نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە و هەر دەرزنێکی، واتە دوازدە دانەی بە 6 دۆلار و 23 سەنتە.

هۆکاری گرانبوونەکە دەگەڕێتەوە بۆ جۆرە ئەنفلاوەنزایەکی باڵندە کە لە ساڵی 2022ـەوە بڵاوبووەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا پێشتر پێشبینیکردبوو، ئەم ساڵ نرخی هێلکە 41.1٪ بەرزبێتەوە.

 لە ئەنجامی ئەوە، چەندین خواردنگە لە سەرانسەری ئەمریکا نرخی خواردنەکەیان گران کردووە. هەر بەو هۆیەوە، بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەمریکیی Wallethub، ئەم ساڵ نیوەی ئەمریکییەکان جەژنی هەستانەوە بێ هێلکەی رەنگاوڕەنگ بەڕێ دەکەن.

 بە گوێرەی راپرسییەکی 15ی نیسانی پێگەکە کە لێکۆڵینەوە لە دۆخی دارایی خەڵک دەکات، گرانبوونی هێلکە وایکردووە خەڵکێکی زۆر دەستبەرداری رەنگکردنی هێلکە بکەن.

 زیاتر لە نیوەی 200 بەشداربووی راپرسییەکە گوتوویانە، هەڵاوسانی ئابووری کاریگەریی لەسەر دابونەریتی جەژنی هەستانەوە دەبێت؛ 47٪یان رایانگەیاندووە، لەبەر گرانی، هێلکە رەنگ ناکەن.

بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە کەشی جەژنەکە بێبەش نەبن، بەشێک لە دایکان و باوکان پەنایان بردووەتە بەر رەنگکردنی پەتاتە لەبری هێلکە.

چەندین بەکارهێنەری تیکتۆک ڤیدیۆی فێرکاریی رەنگکردنی پەتاتەیان بڵاوکردووەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو