باڵیۆزی ئۆکراینا لە بەغدا: دەمانەوێت پێش کۆتایی ساڵ کۆنسڵخانە لە هەولێر بکەینەوە

باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کیێڤ هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆنسوڵخانە لە شاری هەولێر بکاتەوە و ئەو هەنگاوەش بە "وەرچەرخانێک" بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناودەبات.

ئاب 24, 2025 - 10:03
باڵیۆزی ئۆکراینا لە بەغدا: دەمانەوێت پێش کۆتایی ساڵ کۆنسڵخانە لە هەولێر بکەینەوە
باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق رایگەیاند، کیێڤ هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆنسوڵخانە لە شاری هەولێر بکاتەوە و ئەو هەنگاوەش بە "وەرچەرخانێک" بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناودەبات.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی یەکشەممە، کە سیما ئابخزر پێشكێشی کرد، ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەیان ساڵی رابردوو بڕیاری دامەزراندنی کۆنسڵخانەی گشتی لە هەولێر پەسند کردووە، بەڵام پرۆسەکە هێشتا لە بەغدا وەستاوە.
 
دۆڤهانیچ گوتی: "ئێمە ئامادەین ئەو کارە بکەین... بەڵام هەندێک رێکاری بیرۆکراسی لێرە لە بەغدا هەن و بێگومان دەبێت مۆڵەتی فەرمیمان لە حکومەتی ناوەندییەوە هەبێت."  گوتیشی: "زۆر هیوادارم تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، بە فەرمی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەمان لە هەولێر بکەینەوە."
 
باڵیۆزەکە جەختی کردەوە کە ئۆکراینا "ئامادەیە" بچێتە هەولێر، کۆنسڵخانەکەی بکاتەوە و دەست بە کار بکات "بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، لەپێش هەموویانەوە لە بواری ئابووری و بازرگانیدا."
 
پەیوەندییە بازرگانییەکان بووژاونەتەوە
 
بە گوتەی دۆڤهانیچ، وڵاتەکەی عێراق بە "دۆستێکی دێرین" دەزانێت و ئاماژەی بەوەدا کە بازرگانی یەکێکە لەو بوارانەی دوای زیانە گەورەکانی جەنگ، خەریکە دەبووژێتەوە.
 
پێش هێرشی رووسیا لە ساڵی 2022 بۆ سەر ئۆکراینا، بە گوتەی باڵیۆزی ئۆکراینا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بوو. 
 
باڵیۆزەکە گوتی، ئەو ژمارەیە بەهۆی جەنگەوە ساڵی دواتر بۆ نزیکەی 190 ملیۆن دۆلار دابەزی، بەڵام لەوکاتەوە بووژاوەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 بگاتەوە 300 ملیۆن دۆلار.
 
دیپلۆماتە ئۆکراینییەکە ئەوەشی گوت: "ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە بازرگانەکانمان یەکدی دەبینن و پەیوەندییە ئابوورییەکان لە پرۆسەی بووژانەوەدان."
 
هەوڵێکی دیپلۆماسیی بەرفراوانتر
 
هەوڵەکانی کیێڤ بۆ لێکنزیکبوونەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئۆکراینا بەدوای فراوانکردنی پێگەی دیپلۆماسی و ئابووریی خۆیدایە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش سەرەڕای ئەو جەنگە قورسەی لەگەڵ رووسیا هەیەتی کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێرانبوونی بەشێکی شارەکانی.
 
دۆڤهانیچ رایگەیاند، کردنەوەی کۆنسڵخانە لە هەولێر تەنیا هێما نییە، بەڵکو کرداریشە و رێڕەوی راستەوخۆ بۆ پێکەوەکارکردن لە بوارەکانی بازرگانی، وزە و وەبەرهێناندا دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: "پەیوەندییەکانمان بەخێرایی و بە شێوەیەکی باش گەشە دەکەن."
 
ئۆکراینا باڵیۆزخانەی لە بەغدا هەیە، بەڵام بەرپرسان پێیانوایە بوونی نوێنەرایەتییەکی دیکە لە هەولێر رێگە بە پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات کە زۆر لە وڵاتانی بیانی کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییان تێدا هەیە.
 
هیوایەک لەنێو جەنگدا
 
رۆژی یەکشەممە، 24ی ئاب، ئۆکراینییەکان لە چاوەڕوانیی ئاگربەستێکی کەم ئەگەردا، یادی سەربەخۆبوونیان لە یەکێتیی سۆڤیەت کردەوە.
  
دۆڤهانیچ لەو بارەیەوە گوتی: "سەرەڕای ئازاری شەڕ، ئۆکراینییەکان خۆڕاگر، سەربەرز و یەکگرتوو وەستاون."
 
هەروەها دەڵێت: "هەموو رۆژێکی بەرگری ئەوە دەسەلمێنێت کە ئازادی لە ترس بەهێزترە. هەروەها هەموو هەنگاوێکی پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە دەرەوە ئەوە نیشان دەدات کە داهاتووی ئۆکراینا ناتوانرێت داببڕێندرێت."
سەرچاوە: ڕووداو