پێگەی هەرێم لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

بەهرە محەمەد
بەردەوام لە ناوەندە جیهانییەکان و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی سیاسی و جیۆپۆلۆتیکی باس لە گۆڕانکاریی گەورە دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا گۆڕانکاریەکان لە ناوخۆی وڵاتێک بێت وەک ئەوەی لە سووریا ڕوویدا یان گۆڕانکاریی جیپۆلەتیکی و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کە ئیسرائیل بە پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانییەکانی باسی لێوە دەکات. دەوڵەتەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەو گۆڕانکاریانە دەکەن و ترسیان لە گۆڕانکارییەکان هەیە، چونکە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە گۆڕینی نەخشەی وڵاتانە، زیاد بوونی هەژموونی ڕۆژئاوا و بە هێزیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆتە جێگەی مشتومڕی چەندین باس و لێکۆڵینەوە، لەلایەکی تریش بەدرێژای مێژوو هەموو کات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریدا بووە چ لە ڕێگەی شۆڕش و کودەتای سەربازی و تەدەخولی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. بوونی شۆڕش و ڕاپەرین و تەدەخولی بەردەوامی حکومەتە باڵادەستەکان لەسەر چەند حکومەتێک وای کردوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بێت، بەلام گۆڕانکاریی ئەمجارە جیاوازترە لە گۆڕانکارییەکانی ڕابردوو بەهۆی بوونی هێزی باڵادەستی تازە و پەیدابوونی بزووتنەوە تووندڕەوەکان و هاتنە سەر دەستەڵات و بوونی ناکۆکییە تایفی و دینی و نەتەوەییەکانیش وایکردووە گۆڕانکاریی تازە بە فۆرمی جیاواز دەربکەوێت ، کە دوو ئاراستەی دژبەیەکی هەیە وەک ترس لە گۆڕانکاریەکان و بەوردی چاودێریکردنی بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی ناوچەکە و هاتنی هێزی توندڕەوی ئایدیۆلۆژیی جیهادی و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان بەوەی ترس لە گۆڕانکاریەکان هەیە ، جگە لە ترس لە بوونی تێکچوونی چەند دەوڵەتێکی گەورە و بەهێز لە ناوچەکە و دابەشبوونی بەسەر چەند پارچەیەکدا. لەلایەکی تریش هێزە گەورەکان و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بە شێوەیەکی دڵخۆشکەرانە باس لەو گۆڕانکارییانە دەکەن چونکە لەبەرژەوەندیی ئەواندایە ، بەجۆرێک سیاسەتی تازەی ئەوان لەگەڵ جۆرێک لە دابەشکاریە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی بەهێزی ناوچەیی و بوونی باڵادەستیی ئایدیۆلۆژیا و هێزی دینی و مەزهەبی کە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاواو هاوپەیمانەکانیەتی. هەرێمی کوردستان و خاکی کورد بەردەوام و بەدرێژای مێژوو لە گۆڕانکارییەکاندا بەرکەوتەی هەبووە و بەر گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە کەوتووە، زۆربەی جاریش بەبێ خواست و ویستی خۆی و گوێگرتن لە خواست و ئامانج و بەرژەوەندییەکانی بەر ئەو گۆڕانکاری و دابەشکاریە کەوتووە ، سایکس بیکۆش باشترین نموونەی گۆڕانکارییەکانە . بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەی ئەم جارە بۆ کورد جیاواز دەبن و بە جۆرێک ڕەنگە لە بەرژەوەندیی کورد بێت چونکە کورد لە ناوچەکەدا باشترین هاوپەیمانی ئەو دەوڵەتە بەهێز و خاوەن دەسەڵاتەیە کە بڕیار لەسەر گۆڕانکاریەکان دەدەن ، لەلایەکی تریش کورد سەلماندوویەتی کە بەهێزترین هێزی مەدەنی و خاوەن باشترین سیستمی حوکمڕانییە لە ناوچەکەدا. لە هەمووی گرنگتر لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزی ناسراوی ناوچەکەیە لەگەڵ بوونی چەندین کاراکتەر و سەرکردەی لێهاتووی ناسراو کە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە گۆڕانکاریەکاندا. سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، یەکێکە لە کاریگەرترین و سەرکەوتووترین سەرکردەکانی کورد کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە پێگە نێودەوڵەتیەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا نێچیرڤان بارزانی یەکێکە لەو سەرکردانەی لەناوچەکە کە گوێ لە پێشنیار و بۆچوونەکانی دەگیرێت لە یەکلاییکردنەوەی پرسە گرینگەکاندا. لە بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستان و مانەوەی هەرێم وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لە نێو چەندین گۆڕانکاری و ململانێدا نێچیرڤان بارزانی فریادڕەسی کورد بووە، توانیویەتی پێگەی هەرێم بپارێزێت و زیاتر بە جیهانی دەرەوەی بناسێنێت، لە زۆربەی کۆنگرەکان و کۆنفرانسە گەورەکانی سەرۆکەکان وەک تاکە سەرۆکی لێهاتوو بانگ بکرێت و بەردەوام دیدارو گفتوگۆی بەردەوامی هەبێت و لە زۆربەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ڕابردوودا کە ڕوویانداوە، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی دیاری هەبووە چ لە مانەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان و چ لە بەهێزیی پێگەی کوردیش لە ناوچەکەدا؛ لەوانە لە پرسی گۆڕانکاریی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و شەڕی ئێران و ئیسرائیل. نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی گەورە و دیاری هەبووە هەم بۆ چارەسەری پرسی کورد و هەمیش بۆ بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کێشە گەورەکان کە ڕووبەڕووی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ببوونەوە. لە ئێستا و داهاتووشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، یەکێکە لە و کاراکتەرە گرنگانەی کە ڕۆڵی دەبێت لەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوودەدەن و یەکێکە لەو سەرکردانەی کە لە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا قسەکانی بە هەند وەردەگیرێن، وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو و پڕ ئەزموون و خاوەن بیرۆکەی چارەسەری کێشەکان لەسەرۆکی هەرێم دەڕوانرێت، بۆیە بەبۆچوونی زۆربەی ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان کورد لە داهاتوودا پارێزراوتر دەبێت، ئەویش بەرهەمی خەبات و ماندووبوون و ئەو ڕۆڵە ئیجابییانەیە کە کورد لە ناوچەکەدا دەیبینێت، بەتایبەت لە ئێستادا خودی سەرۆکی هەرێم لە پێگەیەکی بەهێزی دیبلۆماسیەتی نێودەوڵەتیدایە کە هێمایەکی دڵخۆشی و ئارامییە بۆ داهاتووی کوردستان.