پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ رووداو: رووفاتی دەنگبێژ شاکرۆ دەگەڕێنینەوە ئاگری

پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، لەگەڵ ماڵباتی دەنگبیژی باکووری کوردستان شاکرۆ قسەیان کردووە و بڕیارە رووفاتەکەی لە ئیزمیرەوە بۆ ئاگری بگوازنەوە.

ئاب 24, 2025 - 09:34
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ رووداو: رووفاتی دەنگبێژ شاکرۆ دەگەڕێنینەوە ئاگری
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەسەر گۆڕی دەنگبێژی بەنێوبانگی کورد شاکرۆ لە پارێزگای ئیزمیر، جارێکی دیکە گواستنەوەی رووفاتی ئەو هونەرمەندە بۆ پارێزگای ئاگری، کە زێدی خۆیەتی، بووەوە رۆژەڤ.
 
لە ڤیدیۆکەدا سرری ساکک دەڵێت، "شاکرۆ ئازیزی کوردانە، شاکرۆ دەنگێکی مەزنە، شاکرۆ پاشای دەنگبێژانە. شاکرۆ لە ئیزمیر گیانی لەدەستدا و نێژرا. جا ئەگەر ماڵباتەکەی رێگە بدەن، ئێمە دەمانەوێت رووفاتەکەی بگەڕێنینەوە ئاگری کە زێدی خۆیەتی. شارەوانیی ئێمە لە ئاگری دەیەوێت گۆڕەپانێکی گەورە بە ناوی شاکرۆ بکاتەوە."
 
ساکک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوکاتەی سەرۆکی شارەوانیی ئاگری بووم، بە جددی پلانم بۆ ئەوە دانا، بەڵام قەییوممان لەسەر دانرا و لە پۆستەکە دوورخراینەوە. ئێستا من پەرلەمانتارم، بەڵام لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی لەسەر هێڵین. هەوڵێکی جددی هەیە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها گوتی، "ماڵباتی شاکرۆ لە ئەڵمانیا دەژین. من قسەم لەگەڵ کردوون و تێڕوانینیان لە بابەتەکە ئەرێنییە و بەمزووانە هەنگاوی بۆ دەنێین. ئێمە بە گواستنەوەی رووفاتی شاکرۆ بۆ زێدە رەسەنەکەی خۆی، پارێزگاری لە کولتوور و شوناسی خۆمان دەکەین."
 
ساکک هەروەها جەختیکردەوە کە پلانی هاوشێوەیان بۆ هونەرمەندانی دیکەی کورد هەیە.
 
شاکرۆ یانیش شاکر دەنیز، دەنگبێژێکی کوردە و رۆژی 25-12-1936 لە پارێزگای ئاگری لەدایکبووە. بەهۆی دەنگە خۆشەکەیەوە چەندین نازناوی وەکو پاشای دەنگبێژان و کەوی رەبات پێدرابوو.
 
شاکرۆ 5-6-1996 لە ئیزمیر کۆچی دواییکرد. دوو هاوژینی هەبوو و شەش منداڵی لەدوای خۆی جێهێشت.
 
شاکرۆ مامی راستەقینەی هونەرمەندی ناسراوی تورکیا و باکووری کوردستان، ئۆزجان دەنیزە.
سەرچاوە: ڕووداو