پارتی ئامادەیە دابەشکاریی حکومەت بە جۆرێک بێ یەکێتی 42٪ـی پۆستەکانی بەربکەوێ
سەرەڕای کۆبوونەوەکان، یەکێتی و پارتی لە خاڵێکدا وەستاون. رۆژی هیوا جەمال دوایین زانیاری لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10 بڵاودەکاتەوە. ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆست و دەسەڵاتەکان، پرۆسەکەی خستووەتە دۆخێکی چەقبەستووەوە.

سەرەڕای کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی پارتی و یەکێتی، هێشتا هەردوولا لەسەر داوا و مەرجەکانی پێشوویان سوورن. سەرەکیترین کێشە بریتییە لە دابەشکردنی پۆستەکان و دەسەڵات. پارتی پێی باشە پۆستەکان لەسەر بنەمای کورسییە بەدەستهێندراوەکانی پەرلەمان دابەشبکرێن و پێی وایە نزیکەی 36٪ی پۆستەکان بەر یەکێتی دەکەون، بەڵام ئامادەیی نیشان داوە شێوازی دابەشکردنەکە بە جۆرێک بێ یەکێتی تاوەکو 42٪ یان نزیکەی 9 وەزارەت وەربگرێ.
لە بەرامبەردا، یەکێتی جەخت لەسەر ئەو چەمکە دەکاتەوە کە خۆی پێی دەڵێت، "دەسەڵاتی راستەقینە" و، داوادەکات وەزیرەکانی دەسەڵاتی تەواویان هەبێت.
پاکێجە وەزارییەکان
کابینەی نوێ بۆ سەر چەند پاکێجێکی وەک ئەمنی و ئاسایش، خزمەتگوزاری و ئابووری و دارایی دابەشکراون. یەکێتی داوای ئەوە دەکات لە هەر پاکێجێکدا پشکی هەبێت و رەتی دەکاتەوە پاکێجێکی تەواو لای لایەنێکی دیاریکراو بێت.
گەرەنتی سیاسی
پارتی داوای گەرهنتی دەکات کە یەکێتی لە نیوەی رێگەدا کابینەکە جێنەهێڵێت و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە سیاسەت و هەنگاوەکانی بکات، لە کاتێکدا یەکێتی داوای بەشدارییەکی کارا و رۆڵی گرنگ لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات دەکات.
ئەو خاڵەی هەردوولا لەسەری کۆکن بریتییە لە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت و دواتر بانگهێشتکردنی ئەو لایەنانەی دیکەیە کە ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە. بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمی ئەو هاوپەیمانێتییە و شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان بە نادیاری ماوەتەوە.
دۆخەکە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری و چەقبەستوویی سیاسی بووەتەوە و پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێزیش یارمەتیدەر دەبێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
گفتوگۆکان لە داهاتوودا بەردەوام دەبن، بەڵام دیار نییە لایەنەکان زوو دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی یان نا.
سەرچاوە:ڕووداو