سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: مانگی 9 دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرین

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت: "یەکەم کاری مانگی 9مان لە پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت، دەستەکەش هەمیشەیی دەبێت نەک کاتی."

ئاب 17, 2025 - 14:32
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: مانگی 9 دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرین

د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوای زیاتر لە 10 مانگ لە هەڵبژاردن، رایگەیاند: بەپێی ئەوەی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لەسەری رێککەوتوون، لە مانگی ئەیلوول دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، یەکەم رێکاری کاری پەرلەمانیش ئەوەیە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت.

دوای هەنگاوی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، وەکو د. ڤالا باسی کرد، پەرلەمان کار دەکات بۆ پێکهێنانی لیژنە بەردەوامەکانی، وەکو چۆن لە پەیڕەودا هاتووە.

 لە وەڵامی پرسیاری رووداو، د. ڤالا فەرید گوتی، ئەو دەستەی سەرۆکایەتییەی هەڵدەبژێردرێت، "هەمیشەیی دەبێت نەک کاتی." گوتیشی، "ئومێدەوارین کۆبوونەوەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول بکرێت. هەڵبژاردنی پێشوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لەبارەی ئەوەی کە ئەم جارە کام لایەن وەریدەگریت، د. ڤالا گوتی، "بەپێی ئەوەیە کە لیژنەی دانوستاندنکار لەسەری گفتوگۆیان کردووە."

 ئەگەر پەرلەمان کۆببێتەوە، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات کە ئەویش ئازاد محەممەد ئەمینە و پەرلەمانتاری یەکێتییە. سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ستافی پەرلەمان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لە سەرەتای مانگی داهاتوو".

 سامان ئەحمەد گوتی: "تەواوی دیوانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوهەڵوێستی لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی باسی لێوەکراوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو".

 لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.

سەرچاوە: ڕووداو