لە هەولێر کتێبی (دەرفەت و یەکسانی) لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژیی دژی ژنان بڵاوکرایەوە

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تەوندوتیژی دژی ژنان، لە هەولێر پرسی بە نیشتیمانیکردنی دۆزی ئافرەتان دەکرێتە بابەتی کتێبێکی نوێ. کتێبەکە لەلایەن رۆژنامەڤانێکەوە نوسراوە کە دانیشتووی وڵاتی سوێدە و لەڕێگەی دەزگای (نووچە)وە هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ کاریگەرییەکانی جەنگ و یاساکان لەسەر ژیانی ئافرەتانی کوردستان بکات.

تشرینی یەکەمی 28, 2025 - 12:01
لە هەولێر کتێبی (دەرفەت و یەکسانی) لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژیی دژی ژنان بڵاوکرایەوە
لە دووەم رۆژی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، دەزگای (نووچە) بۆ توێژینەوەی سیاسی و پەرەپێدانی کولتووری، رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی (دەرفەت و یەکسانی، بە نیشتیمانیکردنی پرسی ئافرەت لە کوردستان) سازکرد.
 
نووسەری کتێبەکە خانمە رۆژنامەڤان، رێبەند رەزایە، کە ئەگەرچی ساڵانێکە لە وڵاتی سوێد دەژی، بەڵام لەم بەرهەمەدا هەوڵی داوە تیشک بخاتە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەت ئافرەتاندا هاتووە لە ئەنجامی جەنگ و قەیرانەکاندا.
 
نووسەری کتێبەکە بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند: "هەرچەندە کوردستانم بەجێهێشتووە و لێرە ناژیم، بەڵام پێویستبوو بخرێتە روو کە ئایا چی کراوە بۆ پرسی یەکسانی بۆ مافی ئافرەتی کورد. باسی چەند بابەتێکی تایبەتی دەکەین، یەک لەوانە ئەوەیە کە جەنگ چ زیانێکی هەیە وە چ گۆڕانکارییەک بەسەر کۆمەڵگەدا دەهێنێت بەتایبەت بەسەر ئافرەتاندا."
 
کتێبەکە تەنیا خستنەڕووی ئازارەکان نییە، بەڵکو وەک سەرپەرشتیارانی دەزگەی نووچە دەڵێن، "ئامانجیانە لەم رۆژەدا وزە و هیوایەک بە ئافرەتان ببەخشین و پەیامی پاڵپشتیان پێ بگەیێنن بۆ ئەوەی لە خەباتی بەدەستهێنانی مافەکانیان بەردەوام بن."
 
رزگار رەزا چوچانی، سەرۆکی دەزگای نووچە دەڵێت، "لە خاڵی هیواوە ئەمڕۆ قسەمان کرد بۆئەوەی هیوا ببەخشین، چونکە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژییە حەزمانکرد هیوا ببەخشین و وزە ببەخشین بە ئافرەتان، بڵێین بەردەوام بن هێزێک لە پشتی ئێوەیە."
 
بەشێکی دیکەی نێوەڕۆکی کتێبەکە و گفتوگۆکانی ناو رێوڕەسمەکە، تایبەت بوو بەو گۆڕانکارییە یاساییانەی لە هەرێمی کوردستان کراون. 
بەرپرسی بەشی ئافرەتان لە دەزگای نووچە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموارکردنەوەی یاساکان لە قۆناخە جیاوازەکاندا و بە پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "وەرچەرخانێکی مێژوویی بووە" و پێویستە وەک دۆکیۆمێنت بپارێزرێن.
 
بەهرە حەمەڕەش، بەرپرسی بەشی ئافرەتان لە دەزگای نووچە: "تەعدیلی یاساکان وەچەرخانێکی گرنگی مێژوویی بوو کە لە قۆناخێک لە قۆناخەکان بەپاڵپشتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدرا، هەموو ئەمانە پێویستیان بە نوسینەوە و بە دۆکیۆمێنت کردن و گرنگیپێدان و باسکردنە."
 
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە جەختیان لەوە کردەوە کە بوونی یاسا بە تەنیا بەس نییە، ئەگەر ئافرەتان خۆیان ئاگاداری مافەکانیان نەبن. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، رێگەی بەردەمیان سەختە و ئامانجیان گەیشتنە بە ئازادییەک کە لە خزمەتی نیشتیماندا بێت.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە رووداوی گوت: "ژمارەیەکی زۆر، رێژەیەکی زۆر لە ئافرەت هەیە ئاگاداری ئەو یاسایانە نییە یاخود هەمواری ئەو یاسایانە نییە کە لە خزمەت پرسی ئافرەتە، بۆیە ئێمە رێگەیەکی سەختمان لە پێشە، بەڵام رێگەیەکە کە دەبێت ئیرادەمان زۆر بەرزبێت و ورەمان زۆر بەرزبێت بۆئەوەی بگەین بەو خاڵەی کە دەمانەوێت، ئەویش پرسی ئازادی ئافرەتە بەڵام ئازادییەک کە خزمەت بە نیشتیمان بکات."
 
کتێبی (دەرفەت و یەکسانی) هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی کارکردن لەسەر پرسی ژنان لە بابەتی جێندەرییەوە بۆ پرسێکی نیشتیمانی، کە تێیدا یەکسانی ببێتە بەشێک لە کولتووری گشتی کۆمەڵگە.