سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025 راگەیاند، "قەبارەی داهاتەکانمان لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە."
بە گوتەی سامر قاسم، "ئەو زیادبوونە بەرچاوانە لە ئەنجامی چاکسازییە گەورەکان و تووندکردنی رێکارەکانی چاودێری و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بووە، کە بوونەتە هۆی ئەوەی داهاتی گومرگەکان بازدانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و بە رێژەی زیاتر لە 150% زیاد بکات."
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، "پلانێکی نیشتمانیی گشتگیر"یان هەیە بۆ نوێکردنەوەی سیستمی گومرگی.
سیستمی 'ئەسیکۆدا' لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق لە دەروازەکاندا کار سیستمی 'ئەسیکۆدا' دەکات، کە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نوێییە بەڕێوەبردنی کاری گومرگییە و بەپێی پێوەرە نێودەولەتییەکان.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق گوتی، "کۆبوونەوە و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەستنەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا پێکهێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سیستمەکە بە کردەیی جێبەجێ نەکراوە."
سامر قاسم رایگەیاند، "هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی جددی لەم دۆسییە ستراتیژییەدا بکات، چونکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو یەکخستنی سیستمی گومرگی و یەکخستنی سیاسەت و رێکارەکان لە نێوان هەردوولا."
ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا.
ئەو کۆمپانیایانەی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدایان هەیە، جگە لەوەی خۆیان کاڵا هاوردە دەکەن، دەتوانن کاڵا بۆ ئەو کۆمپانیا و خاوەنکارانەی دیکەش هاوردە بکەن کە لەنێو ئەو سیستمە نین، ئەوەش بەرامبەر بە سوودێک کە لە کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی دەستیان دەکەوێت.
عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە، لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف کە ئەسیکۆدای تێدا جێبەجێ دەکرێت.
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن.
سەرچاوە: ڕووداو