ئەمشەو لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دێربییەکی کوردستانیدا کاژێر 20:30 یانەی نەورۆز لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی هەولێر دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و دووەم سەرکەوتن لەم وەرزەدا بەدەستبهێنێت.
نەورۆز لە گەڕی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر دهۆک دۆڕا و دوای ئەوە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاسین ئاراس، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و وەلی کەریم کرایە راهێنەری یانەکە.
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم دەڵێت "دوای یارییەکەیان بەرامبەر دهۆک، یانەی نەورۆز پەیوەندیی پێوەکردم و پۆستەکەیان پێشکێشکردم، تیپەکە لە پێنج گەڕی رابردوودا لە دۆخێکی زەحمەتدابووە، بەهۆی ئەوەی چوار یاریی دۆڕاندووە و تەنیا یەک بردنەوەی هەبووە، ئەمە کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر یانەکە، ئێمە یارییەکی زەحمەتمان بەرامبەر هەولێر هەیە و تەنیا یەک راهێنانمان ئەنجامداوە."
راهێنەری نەورۆز دەڵێت "متمانەم بە پڕۆژەی ئێستای یانەکە هەیە، هەموو بیرکردنەوەمان لای بەرزکردنەوەی رۆحیەتی تیپەکەیە و گەشبینم بەوەی تیپە دەتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی."
یانەی هەولێر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەدا بمێنێتەوە، کاتێک ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەورۆز یاری دەکات.
هەولێر بە بارودۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، یانەکە چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
لە یاریی رابردوودا ئیمپڕاتۆر یارییەکی زەحمەتی بەرامبەر شورتە ئەنجامدا و سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، ئەمە ورەی یاریزانەکانی یانەکەی زیاتر بەرزکردووەتەوە و بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە چوونەتە سلێمانی.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە دەڵێت "بەردەوام کار لەسەر ئامادەکردنی لایەنی دەروونی یاریزانەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لە هەموو یارییەکەدا بە عەقڵیەتی بردنەوە و بەدەستهێنانی خاڵ یاری بکەن، هیوادارم یارییەکی زۆرباش بکەین، سەرەڕای ئەوەی یارییەکە زەحمەتە، متمانەی تەواوم بە دۆخی دەروونی و ئەرێنیی یاریزانەکان هەیە بەهۆی ئەو دۆخەی تیپەکە پێیدا تێدەپەڕێت."
راهێنەری هەولێر زیاتر گوتی "دوای بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکان بەرپرسیارەتیمان دوو هێندە زیاتر بووە، یارییەکەمان لە یاریی بەرامبەر شورتە ئاسانتر نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەلێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کەسایەتیی بەهێزی هەولێر پێشانبدەین."
ڕاپۆرت: ڕووداو