ئەردۆغان: تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا زۆر پێشکەوتووە

سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی دروستکردنی تانکی BMC و زرێپۆشی نەوەی نوێ کە رۆژی سێشەممە 28-10-2025 لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.

تشرینی یەکە 29, 2025 - 10:37
ئەردۆغان: تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا زۆر پێشکەوتووە
ئەردۆغان باسی پێشکەوتنی وڵاتەکەی لە بواری پیشەسازیی بەرگری کرد و گوتی: "ئەگەر لە بابەتی ئابوورییدا سەربەخۆیی بەدەستنەهێنیت و کۆتایی بە وابەستەیی بە دەرەوە نەهێنیت، هەروەها  خۆت کارەکانی خۆت نەکەیت، کەس بەزەیی پێتدا نایەتەوە".
 
ئەردۆغان ئەم سەردەمەی بە پڕ مەترسی ناوبرد و گوتی: "یەکێک لەو وڵاتانەی زووترین کات پەی بەم سەردەمە برد کە تێیدا مەترسی و هەڕەشەکان بە شێوەیەکی خێرا زیادیانکردووە، تورکیایە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی کرد و گوتی: "هەر لە یەکەم رۆژەوە هەڵسەنگاندنمان کرد و رێوشوێنمان گرتەبەر. بەو هەنگاوانەی لە 23 ساڵی رابردوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگری، دیپلۆماسی و ئاسایش ناومانن، تورکیامان کردە وڵاتێک کە ناتوانن پشتگوێی بخەن".
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند ساڵی رابردوودا وڵاتەکەی نەیدەتوانی پێداویستییەکانی بەرهەم بهێنێت و "لە بواری بەرگریدا نەیدەتوانی 20٪یش بەرهەمی نێوخۆی هەبێ، لەکاتێکدا ئێستا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 80٪.

 سەرچاوە:ڕووداو