د. ئاری حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری راگەیاند، رێنوێنی دەدەین بە دایک و باوکان بۆ ئەوەی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و تائێستا نزیکەی 2 هەزار منداڵ نەشتەرگەریی ناڕێکیی سکماکییان بۆ کراوە.
د. ئاری حەسەن گوتی، ''هەفتانە 2 بۆ 4 منداڵ لە نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانکاری (ئیمێرجنسی) لە سەنتەری سۆمەرلاند لە سلێمانی نەشتەرگەریی ناڕێکیی سکماکییان بۆ دەکرێت''.
د. هوتان دانشمەند، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکارییەکێکە لەوانەی پشکنین بۆ منداڵەکان دەکات و ئەندامێکی تیمە جیهانییەکە، دەڵێت: ئێمە رێکخراوێکین بە ناوی رۆتۆپلاست سەر بە رێوتەری نێودەوڵەتی لە سان فرانسیسکۆ. نزیکەی 32 ساڵە لە سەرانسەری جیهان کاری نەشتەرگەری ئەنجام دەدەین. ئێمە لەڕێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڤین ئارەزووی کارکردنمان لە کوردستان دروست بوو. بانگهێشت کراین بۆ ئەوەی بێینە ئێرە بۆ سەردانێکی مەیدانی.
د. هوتان دانشمەند روونی دەکاتەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی، ئێمە سەردانێکی مەیدانی دەکەین، شوێنەکە و نەخۆشخانە و ستافەکە دەبینین بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئایا بۆ تیمەکەمان گونجاوە بێتە ئێرە و نەشتەرگەری بۆ منداڵان بکات. گەورەترین سوپرایز لێرە کە ئێمە هاتین، ئەوە بوو کە ئەم سەنتەرە، سەنتەری سۆمەرلاند، پڕۆگرامێکی نایابیان هەیە. زۆربەی ئەو پڕۆگرامانەی کە لە سەرتاسەری وڵاتدا سەردانیان دەکەین، خۆم بۆ ماوەی 31 ساڵ لەگەڵیان کارم کردووە، و لەم 31 ساڵەی رابردوودا چەندین سەردانی مەیدانیم ئەنجام داوە. ئەمە یەکێکە لەو شوێنە رێکخراوانەی کە بینیومە بەتایبەت هاوکاری نێوان ستافەکان، بەڕاستی هاوکارییەکی تەواویان هەیە.
لەبارەی پلانی داهاتووی ستافەکەیانەوە د. هوتان دەڵێت: لە یەکەم سەردانماندا بۆ ئێرە نەشتەرگەری بۆ 50 بۆ 60 منداڵ بدەین. ئێستا لەڕووی لۆجستی و پلاندانانەوە، بە هیوای ئەوەین تیمەکە ساڵی داهاتوو بنێرینە ئێرە، لەوانەیە لە ماوەی نزیکەی 6 بۆ 7 مانگی داهاتوودا ئەوە بکەین''.
ئەڤین ئازاد خەلیفە، سەرۆکی رێکخراوی نازگ بۆ چارەسەری ناڕێکییە سکماکییەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت، چیرۆکی پشت دانانی رێکخراوەی نازگ، بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە منداڵەکەی خۆی قڵیشی لێوی هەبووە و لە دەرەوە نەشتەرگەریی چارەسەریی بۆ کردووە. بەڵام دواتر بیرۆکەی ئەوەیان بۆ هاتووە کە پڕۆژەی هێنانی تیمی بیانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی قڵیشی لێو و مەڵاشوویان هەیە، جێبەجێ بکەن.
ئەڤین ئازاد گوتی، خەرجیی نەشتەرگەری و چاودێریی چەندین منداڵیان گرتووەتە ئەستۆ بەتایبەت پێش و دوای نەشتەرگەریش پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکەن، تاوەکو بە باشترین کواڵیتی کێشە سکماکییەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت. گوتیشی ''دەمانەوێت (پشتگیریی راوێژکاریی پزیشکی، پشتگیریی دارایی و دابینکردنی پێداویستیی خۆراک و کەلوپەلی ژووری نەشتەرگەری لەگەڵ پاڵپشتیی خێزانی ئەو منداڵانە) لە ئەستۆ بگرین''.
سەرچاوە: رووداو