نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد: هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد و هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشاندا.

تشرینی یەکە 8, 2025 - 14:03
نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد: هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 08-10-2025 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ دانيێل كرێبه‌ر، باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى، وێڕاى پيرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نيشان دا، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق، سوپاسى پێشوازى و پشتگيريى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى كرد، خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، دووپات كرده‌وه‌.
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا ئاماده‌كارييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان بۆ هه‌ڵبژاردنى مانگى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.