نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم قسانەی لە دیداری مێری کرد. باسی لەوەش کرد، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە. ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزیەتێکی بەهێزە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستووری عێراقی "بە گرنگ" ناوبرد و گوتی، دانی بە مافەکانی کورد دا ناوە، بەڵام رەخنەی هەبوو لەوەی وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی، "دیموکراسییەتی کوردستانیش بێ کێشە نییە، بەڵام پێمان وایە لەسەر رێچکەیەکی دروستین. دیموکراسییەت، دیاری نییە بیدەی بە میلەتێک، پراکتیزەکردنی قۆناخە".
لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش گوتی، "دوای 2005 ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە عێراق. ئەمە قۆناخێکی نوێیە لەم وڵاتە و دەبێ هەموو عێراقییەکان بە گرنگ بزانن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن. دەبێ خۆمان بسەلمێنین، کە بوونی کورد لە بەغدا سەرچاوەی هێزە بۆ هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی مووچەوە گوتی، دەبێ لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە دەستوور جێبەجێ بکرێت و هیچ هۆکارێک نامێنێ پێشێلی دەستوور بکرێ.
باسی پێکهێنانی حکومەتیشی کرد، بەڵام گوتی، "باوەڕناکەم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی تازەی حکومەت پێکبێت".