ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و عێراقدا
بەهرە محەمەد
لە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و عێراقدا، نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبوو، بەتایبەت لە پرسی چارەسەری مووچە و هەناردەکردنی نەوت. ئاماژەدانی سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ڕۆڵ و کاریگەری نێچیرڤان بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە نێچیرڤان بارزانی هۆکارێک بووە بۆ یەکلایکردنەوە و چارەسەری کێشە گەورەکان.
لە ڕابردوودا، نێچیرڤان بارزانی چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەکە، بە کەسایەتییەکی سەرکەوتوو دانراوە و گرنگی زۆریش بە بۆچوونەکانی دراوە. لە زۆربەی کێشە و ئاریشەکانی ناوچەکەدا پرس و ڕای پێکراوە و بەردەوام بە سەرۆکێکی لێهاتوو لە دیپلۆماسیەت و پردی پەیوەندی بووە.
لە بارەی کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێم لەسەر پرسە گرنگەکان، بەردەوام خودی سەرۆکی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوام بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و هێنانەدی دیالۆگ و گفتوگۆی بەردەوام. بەشێک لەو فشارانەی کە لەسەر عێراق کراون بۆ پێدانی مافی هەرێمی کوردستان، لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا، دیسان بەرهەمی ئەو پەیوەندییە بەهێزو کاریگەرەیە کە خودی سەرۆکی هەرێم دروستی کردووە بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان.
ئەو سیاسەتە سەرکەوتووانەی نێچیرڤان بارزانی پەیڕەوی دەکات، بۆتە بنیاتی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتان و لایەنە جیاوازەکان. هەر ئەم هۆکارەشە دەبینین لە زۆربەی کۆنگرە و کۆنفرانسە جیهانییەکان لەسەر ئاستی وڵاتێکی وەک عێراق، بەتەنها بانگهێشتی سەرۆک دەکرێت و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت.
نێچیرڤان بارزانی لە زۆر گۆڕانکاری و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە و شەڕو ململانێی هەرێمایەتی، هۆکارێک بووە بۆ ڕزگارکردن و مانەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەکەوە و پاراستنی هەرێم لە مەترسییەکان لە لایەکی ترەوە. پرسی نەوت و مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کێشەی بەردەوام بوون لەگەڵ عێراق دوای ساڵی ٢٠١٤، بەڵام بەردەوام دەرگای گفتوگۆ و دانووستان کراوە بووە. هەرێمیش لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی بووە بۆ کۆی کێشە گەورەکان. لەم ڕووەوە دیسان خودی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام لەگەڵ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، چەندین جاریش چووەتە بەغدا و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیدارەکانی لەگەڵ لایەنەکان، توانیویەتی چەندین کێشەی گەورە چارەسەر بکات.
لە لایەنی عێراقیشەوە زۆر بەبایەخەوە ڕێز لە بۆچوون و تێڕوانینەکانی نێچیرڤان بارزانی گیراوە، بەتایبەت لە تێڕوانینەکانی لە بارەی چارەسەری کێشەکان. چەندین جاریش لە ڕێگەی بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی، توانیویەتی زۆر بابەتی گرنگ یەکلای بکاتەوە، بەتایبەت لە پرسی مووچە و پرسی خاک و دەسەڵاتەکانی هەرێم و مافە دەستووریەکان.
ئەم ڕێکەوتنەی کە لە پرسی هەناردەکردنی نەوت کراوە، بۆ کۆتایی هاتنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم، دیسان کاریگەری و ڕۆلی نێچیرڤان بارزانی بوونی هەبووە، چونکە هۆکاری سەرکەوتن و ڕێکەوتنەکە بووە. چونکە لە دیدی نێچیرڤان بارزانی، دەبێت هەموو کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن. هانی لایەنەکانی داوە لە ڕێگەی گفتوگۆی بەردەوام چارەسەری کێشەکانیان بکەن. بۆیە حکومەتی هەرێم و بەغدا دوای چەندین دانیشتن و چوونی وەفدی هەرێم و هاتنی وەفدی بەغدا، توانرا بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتایی هاتنی کێشەیەکی گەورە لە نێوان هەردوو لا.
دەکرێت ئەم ڕێکەوتنەی کە کراوە لەسەر هەناردنەدەرەوەی نەوت، سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنانی چەندین کێشەی تر لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەسەر بنەمای دەستووری. ئەم ڕێکەوتنە هیوایەکیشە بۆ کۆتایی هێنانی ململانێ و دژایەتی هەندێک لایەن دژ بە هەرێمی کوردستان کە بەردەوام بوون لە دژایەتیکردن و هەوڵیانداوە هەرێم بچووک و گۆشەگیر بکەن. بەڵام بە لێهاتوویی و زیرەکی هەموو لایەک، توانرا لە ڕێگەی گفتوگۆ بگەن بە ڕێککەوتن و دوورخستنەوەی گومان و ترس لە نەمانی ڕێکەوتن.
ئەم هەوڵەی هەرێم جۆرێک لە کۆدەنگی و یەکڕیزی و دابەشکردنی ڕۆڵ و کاریگەری کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکانی پێوە دیار بوو کە هۆکارێکی کاریگەر بوو بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێکەوتنە. جگە لەمانەش، ئەم ڕێککەوتنە بووە مایەی بێدەنگبوونی چەندین لایەنی سیاسی و کەسایەتی نەیار و ڕێگریکردن لە گوتاری پۆپۆلیزم کە دژ بە ڕێککەوتن بوون. ئەم ڕێکەوتنەش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە هیوایەک بوو کە چەندین ساڵە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن.