رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس کرایەوە؛ "کاریگەرییەکەی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان زیاترە"

سەرۆک بارزانی رێڕۆی پێشمەرگەی لە پارکێکی پاریس کردەوە؛ سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ''سەرۆک بارزانی لە پاریسەوە، بە دەستپێشخەرییەک بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد دەگەڕێتەوە.''

ايلول 5, 2025 - 13:03
رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس کرایەوە؛ "کاریگەرییەکەی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان زیاترە"
ئەمڕۆ هەینی 05-09-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، ''رێڕۆی پێشمەرگە'' لە پارکێکی شارەکە کرایەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان لە پاریس، 350 تاوەکو 360 میوان لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەن، کە نزیکەی 40 کەسیان پێشمەرگەی دێرینن.
 
هاوکات هونەرمەندی ناوداری کورد، شڤان پەروەر چەند بەرهەمێکی هونەریی خۆی لەو رێوڕەسمەدا پێشکێش بە ئامادەبووان دەکات.
 
عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە یەکێکە لە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە بە رووداوی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەتەوە و باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگیان کردووە، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
بەگوتەی عادل باخەوان، ''هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی داینامیکی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، چەند پێگەمان لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بێت، دەتوانین ئەوەندە بەهێز بمێنینەوە و پارێزگاری لە خۆمان بکەین.''
 
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش کردووە، ''خۆتان دەزانن کە پەیوەندییەکان زۆر خراپن، باس لەوە کرا کە چۆن دەستپێشخەری بکرێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە داخراوە رزگارمان بێت.''
 
عادل باخەوان ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان و جیهانیان خستووەتە بەر باس، ''هەندێک رووداوی نەخوازراو لە هەرێمی کوردستان روویانداوە و ئەم رووداوانە وێنەی کوردستانیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بریندار کردووە، باس لەوە کرا ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی برینەکان ساڕێژ بکرێن و ئەوەی کە لە دەستمان چووە وەریبگرینەوە.''
 
سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەختی لەوە کردەوە، بە کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پارکێکی پاریس، ''هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە یادگەی گشتیی فەرەنسییەکاندا دەمێننەوە.''
 
عادل باخەوان پێیوایە، ''پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێمە چەندە گرنگن، کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگەش ئەوەندە گرنگە و بگرە زیاتریش.''
 
وەک سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ''جەنابی سەرۆک بارزانی بە دەستپێشخەرییەک بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە پاریسەوە دەگەڕێتەوە. ئێمە زیاتر لە 25 خولەک قسەمان لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە کردووە.''
 
پێشمەرگەی دێرین و ئەوانەی شەڕی داعشیان کردووە، لە سەرانسەری ئەورووپاوە لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە میدالیایان پێشکێش دەکرێت.
 
شوێنی رێوڕەسمەکە بە چەندین وێنەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی بەرەنگاربوونەوە و شەڕی داعشدا رازێنراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڵا شاڵی، دوای رێوڕەسمەکە سەرۆک بارزانی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەکات و کۆبوونەوەی دەبێت.
 
شارەوانیی پاریس شەوی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس "وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرانی کورد، رێڕۆی پێشمەرگە دەکاتەوە." 
 
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، شاری پاریس پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە. ساڵی 2019، سەرۆکشارەوانیی پاریس سەردانی هەولێری کرد و پەیمانی دۆستایەتیی لە نێوان دوو شارەکەدا واژۆ کرا.
 
پاریس و هەولێر بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بە دەستە خوشک راگەیێنراون.