لە ساڵی 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پەیڕەوی کارکردنی خۆی دەرکرد کە تایبەتە بە شێواز و چۆنیەتی کردنی کۆبوونەوەکانی و تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانەی لە دەسەڵاتی ئەودان. پەیڕەوەکە لە 13ی حوزەیرانی ئەو ساڵە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم ساڵ ئەو دادگەیە پەیڕەوێکى نوێى دەرکرد، لە یەکى ئەیلوول و دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پەیڕەوە نوێیەکە بە واژۆى مونزیر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکى نوێى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەرچووە، کە لە 30ى حوزەیرانی ئەم ساڵ لە شوێنی جاسیم عمێرى، سەرۆکى پێشووى دادگە دەستبەکار بوو.
هەموارەکە ژمارەی مادەکانی پەیڕەوەکە لە 53 مادەوە بۆ 24 مادە کەمکردووەتەوە.
کۆبوونەوە تەنیا لە بەغدا
لە مادەی یەکى پەیڕەوە نوێیەکە، بەغدا دیاریکراوە وەک تەنیا شوێنی کۆبوونەوەکانی دادگەکە، لە کاتێکدا لە پەیڕەوی پێشوودا رێگەپێدراوبوو جگە لە بەغدا، لە پارێزگا یان هەرێمێکیشدا کۆببێتەوە.
لەو پەیڕەوە نوێیەدا دەسەڵاتێکی سەرۆکی دادگە زیاد کراوە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی کارگێڕی و ئەندام و تایبەتمەندییەکانی ئەو دادگەیە، کە ئەویش لە پەیڕەوی پێشوودا نەبوو.
پەیڕەوە نوێیەکە رێگەی داوە بە دادگاکانی هەرێم (هەرێمی کوردستان یان هەر هەرێمێکی دیکە کە پێکبهێندرێت) و ئەندامانی دەستەی داواکاری گشتی، کە دەیانەوێت تانە لە دەستووریی یاسا و رێنماییەک بدەن، لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئەو هەرێمەوە سکاڵاکە پێشکەش بە دادگەی باڵای فیدراڵی بکەن.
مەرجی تانەکان لە یاسای بودجە و هەڵبژاردن هەڵگیراوە
لە پەیڕەوی پێشووی دادگەی باڵای فیدراڵیدا مەرج دیاریکرابوو بۆ تانەکان لە یاسای بودجە کە دەبوو لە ماوەی 30 رۆژ لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی تانە لە مادەکان بدرێت، پێویستیش بوو دادگە لە ماوەیەکدا کە 30 رۆژ تێپەڕ نەکات سکاڵاکە یەکلا بکاتەوە.
بۆ تانەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە پەیڕەوی پێشوودا ئەوە دیاریکرابوو کە نابێت بەر لە 6 مانگ لە هەڵبژاردن تانە لە یاسای تایبەت بەو هەڵبژاردنە پێشکێش بکرێت، بەڵام لە پەیڕەوی ناوخۆیی نوێدا ئەو دوو مەرجە لادراوە.
عەبدولقادر ساڵح، پسپۆرى یاسایی بە رووداوى گوت:" لادانی ئەو رێکارانە لەبەر دوو هۆکارە، کە یان بوونی گرنگ نەبووە لە پەیڕەوەکەدا یان بەگوێرەی یاسای دیکە چارەسەر کراوە".
یەکێک لەو پرسانەی دیکە کە لە پەیڕەوەکە لادراوە، سکاڵا دژ بە سەرۆککۆمارە، کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و ئاراستەی دادگە دەکرێت بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار لەو تۆمەتانە ئاگادار بکرێتەوە، کە ئاراستەی کراوە بۆ ئەوەی وەڵامیان بدرێتەوە.
لە پەیڕەوی پێشوودا دەسەڵات بە دادگە درابوو، ئەو تۆمەتانە یەکلا بکاتەوە کە ئاراستەی سەرۆککۆمار و ئەندامانی پەرلەمان دەکرێت لەوەی پەیوەندی بە دۆخەکانی شکاندنی سوێند، پێشێلکاریی دەستوور و ناپاکی گەورەیەوە هەیە، بەڵام ئەم بڕگەیەش لە پەیڕەوە نوێیەکەدا لادراوە.
سەرچاوە: ڕووداو