ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 چرۆ حەمەشەریف، ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر ماوەی 6 مانگ دیاری کرابوو بۆئەوەی ماف و ئیمتیازات بیگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەمواری نوێی یاسای زیندانییانی سیاسی، هەر کەسێک بۆ یەک رۆژیش لە بەندیخانەی نوگرەسەلمان راگیرابێت، ماف و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسی دەیگرێتەوە.
بەڵام بە گوتەی چرۆ حەمەشەریف، رەچاوی ماوەی زیندانکردنیش کراوە، کەسێک زیاتر زیندانی کرابێت ئیمتیازاتەکەی زیاترە.
ئەندامەکەی لیژنەی شەهیدان ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی هەڵەبجەش کە لەدوای کیمیایی بارانکردن ئاوارەی ئێران بوونە بە هەمان شێوە ماف و ئیتمیازات دەیانگرێتەوە.
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێ سێشەممە 26ی ئابی 2025 دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانییانی سیاسی (ژمارە 4ی ساڵی 2006) دا و بەگوێرەی هەموارەکە، سەرجەم ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەکدەخرێت.
شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی بڕگەی 15 لە مادەی 3ی یاسا هەموارکراوەکە، ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 زیندانیکراون، قەرەبوو دەکرێنەوە."
یەکێک لە سەرەکیترین خاڵەکانی ئەم هەموارە، یەکخستنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ عێراق. شوان محەممەد گوتی، "پێشتر لە عێراق مووچەی زیندانیی سیاسی یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار بوو بۆ 25 ساڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا 500 هەزار دینار بوو بۆ 10 ساڵ. بەگوێرەی ئەم یاسایە، ماف و مووچەی زیندانییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراقی لێ دێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراون بە جێبەجێکردنی یاساکە، وەزارەتی دارایی عێراقیش راسپێردراوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی شایستە داراییەکان.