سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: دواکەوتنی پرۆسەی رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئاب بکرێت، بەهۆی کۆکردنەوەی پارەکە لە رێگەی بانکەکانەوە دواکەوتووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دەبێت ئەو بڕە پارەیە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی ببرێتە بانکی منارە لە هەولێری پایتەخت، کە هەندێکی بە گواستنەوەی کاش و هەندێکی دیکەشی بە پاکتاو دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی 26ی ئابی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەدا کە کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە تەواو بووە و رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئاب لە رێگەی بانکەوە ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.