نزیکەی 500 عومرەکاری کورد لە سعودیە گیریان خواردووە

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە نزیکەی 500 عومرەکار لە سعودیە گیریان خواردووە. راشیگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر، کێشەکەیان چارەسەر کراوە ئێستا دەتوانن بە پاس یان ترانزێت بگەڕێنەوە.

ئاب 13, 2025 - 18:52
نزیکەی 500 عومرەکاری کورد لە سعودیە گیریان خواردووە
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەک عومرەکاری کورد کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێڵی ئاسمانیی عێراق بەهۆی پشووی چلەی ئیمام حوسێنەوە گەشتەکانی بۆ سعودیە راگرتووە تاوەکو کاتێکی نادیار، بۆیە لەوێ گیریان خواردووە".
 
چلەی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخێکی زۆری هەیە و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی ئاب.
 
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە و پەیوەندیی بە کۆمپانیا سەرەکییەکانی سعودیە و دەستەی باڵای حەجی عێراقەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.
 
زیاتر لە 10 رۆژە ئەو عومرەکارانە لە سعودیەن. بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر دەڵێت، سێ بژارەیان بۆ گەڕانەوەیان خستووەتەڕوو، "دەتوانن بە پاس بگەڕێنەوە کە نزیکەی 30 کاژێریان پێدەچێت، یاخود لە هۆتێلەکان چاوەڕێ بکەن تاوەکو گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی دەبنەوە کە کاتەکەشی دیار نییە، یان بە ترانزێت لە رێگەی وڵاتێکی دیکەوە بگەڕێنەوە، بەڵام تێچووەکەی لەسەر خۆیان دەبێت".
 
بەهۆی رێوڕەسمەکانی حەجەوە، گەشتی عومرە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان راگیران، لە 18-07-2025 گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە دەستیپێکردووەتەوە.

 سەرچاوە:ڕووداو