سەرۆک بارزانی: ئێزدییەکان بەهۆی کوردبوون و ئایینەکەیان کەوتنەبەر شاڵاوی داعش

سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدی شنگال رووی لە حکومەتی عێراقە و دەڵێت: "دەبێت كۆتایی بەو هزر و رەفتارە شۆڤێنییانە بێت كە هەر جارە و بە بیانوویەك و بە عەقڵیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆڵیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن."

ئاب 3, 2025 - 11:52
سەرۆک بارزانی: ئێزدییەکان بەهۆی کوردبوون و ئایینەکەیان کەوتنەبەر شاڵاوی داعش

لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئاب، دوای 11 ساڵ لە کۆمەڵکوژیی شنگال و داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاندووە: "ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش لە دژی خوشك و برا ئێزدییەكانمان ئەنجامیان دا، تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو."

 هەروەها دەڵێت، "لای هەموو كەسێك روونە ئێزدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینییانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران."

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەشی گوتووە کە "پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانییانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجام دراون."

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێكە هەرگیز لە یادمان ناچێت. قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. لای هەموو كەسێك ڕوونە ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

 لەدوای ڕوودانی ئەو كارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشك و براكانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین كە مێژووییەكی پڕشنگداریان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەكان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین كە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی.

لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و كۆمەڵكوژیانە دەنێرین كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون. پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراون. دەبێ كۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت كە هەرجار و بە بیانوویەك و بە عەقلیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆلیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن.