رووسیا و ئۆکراینا گفتوگۆ لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی دەکەن

سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، شاندی دانوستاندنکاری مۆسکۆ و کیێڤ لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەیاندا لە ئیستەنبووڵ، باسییان لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان خۆی و هاوتا رووسییەکەی کردووە.

تەمووزی 25, 2025 - 14:27
رووسیا و ئۆکراینا گفتوگۆ لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی دەکەن

رۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکراینا گوشاری کردووە بۆ کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەردوو سەرۆک و هیوای خواستووە ترەمپیش بتوانێت تێیدا بەشدار بێت.

زیلینسکی گوتی، "پێویستمان بە کۆتاییهێنان بە شەڕە، کە رەنگە بە کۆبوونەوەی سەرکردەکان دەستپێبکات".

سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها گوتی، "لە گفتوگۆکاندا لەگەڵمان، ئەوان [رووسەکان] دەستیان بە تاوتوێکردنی [کۆبوونەوەکە] کردووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشکەوتنێکە بەرەو جۆرێک لە شێوازی کۆبوونەوە."

پووتین رایگەیاندووە، تەنیا ئامادەیە لە قۆناخی کۆتایی دانوستاندنەکان چاوی بە زیلینسکی بکەوێت.

 رۆژی چوارشەممە لە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە ئیستەنبووڵ، روستەم ئومێرۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا، پێشنیازی کرد کۆبوونەوەی دوو سەرۆکەکە پێش کۆتایی مانگی ئاب بکرێت.

کاتی دیاریکراو بە نزیکەیی لەگەڵ ئەو مۆڵەتەدا دەگونجێت کە دۆناڵد ترەمپ داینابوو. ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا 50 رۆژی بە رووسیا دابوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئۆکراینا، بە پێچەوانەوەش رووبەڕووی پاکێجێکی سزا دەبێتەوە.

ڤلادیمیر مێدینسکی، دانوستاندکاری رووسیا، ئەگەری کۆبوونەوەیەکی نزیکی بەدوور زانی.

ئاژانسی هەواڵی TASS ی رووسیا لە زاری مێدینسکییەوە گوتی، "پێویستە کۆبوونەوەکە بەباشی ئامادەکاری بۆ بکرێت و تەنیا ئەو کاتەش مانای دەبێت."

گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاوەکو ئێستا ئەنجامیان نەبووە، چونکە هەردوولا هەڵوێستی تەواو جیاوازیان هەیە.

زیلینسکی جەختی لەوە کردەوە، رووسیا هێشتا هەوڵدەدات لە بەرەکانی جەنگ پێشڕەوی بکات و گوتی، "ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان دزە بکەن، بەڵام هیچ پێشڕەوییەکی گەورەیان بەدەستنەهێناوە."

سەرچاوە: ڕووداو