وەرزی چوارەمی 'The Bear' بڵاودەکرێتەوە و پێنجەمیشی بەڕێوەیە
تۆڕی "ئێف ئێکس" مژدەی بە هەوادارانی زنجیرەی "The Bear"ـدا، زنجیرەکە بۆ وەرزی پێنجەم نوێکراوەتەوەو ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا وەرزی چوارەمی زنجیرەکە پەخشنەکراوە.

بڕیاری نوێکردنەوەی زنجیرەکە بۆ وەرزی پێنجەم دوای ماوەیەکی کەم دێت لە بڵاوبوونەوەی وەرزی سێیەم لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چیرۆکی وەرزی نوێوە بڵاونەکراوەتەوە.
چیرۆکی زنجیرەکە باس لە هەوڵی چەند کەسێک دەدات لە گۆڕینی چێشتخانەیەکی خێزانی بۆ شوێنێک کە ئاستێکی جیاواز و باڵاتری هەبێت. لەنێو ئەم گۆڕانکارییانەدا، کارەکتەرەکان گەشتێکی تایبەت تێپەڕدەبن و ناچار دەبن رووبەڕووی رابردوویان ببنەوە و بڕیار بدەن لە داهاتوودا دەیانەوێت کێ بن.
زنجیرەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بۆ کاری داهێنەرانە (Creative Arts Emmys) لە لۆس ئەنجلۆس، حەوت خەڵاتی بەدەستهێنا. وەرزی سێیەمی "The Bear" لە حوزەیرانی 2024 لە پلاتفۆرمی "هولو" و تۆڕی "ئێف ئێکس" بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، ئەمەش هاندەر بووە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنەران بە خێرایی بڕیاری درێژکردنەوەی زنجیرەکە بۆ وەرزی چوارەم و پێنجەم بدەن.
سەرچاوە: ڕووداو