بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەناردنی مووچە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان. پەیامنێری رووداو دەڵێت، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندی یەکێتیش گەیشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە.

ئارەی 31, 2025 - 13:20
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان

 پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان نارد بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە 31-05-2025 لە پیرمام بەشدار بن کە لەدوای بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ راگرتنی پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان دێت.

 بەگوێرەی زانیارییەکانی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن و شاندی یەکێتیی نیشتمانییی کوردستانیش کە پێکهاتوون لە سالار لالە سەرحەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د. مەجید ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتەکە گەیشتووەتە شوێنی کۆبوونەوە. شاندی حیزبی شیوعیی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. کاوە مەحموود، سکرتێری پارتەکە بەشدارە و محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتیش سەرۆکایەتیی شاندی پارتەکەی دەکات. وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، شاندەکانی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە گەیشتوونەتە پیرمام.

دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕانیش سەرۆکایەتیی شاندێک دەکات لە پیرمام.

پارتی بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانیش ناردبوو. رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن؛ مونا قاوەچی لە پارتی چاکسازیی تورکمانی؛ محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، سەرۆکایەتیی شاندێک دەکەن و چەندین شاندی دیکەی تورکمان و کریستیانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

رووداو زانیویەتی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا گوتی، لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبێت.

ئەم کۆبوونەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە 28-5-2025 تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت. چاوەڕوان دەکرێت، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان بکرێت بە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا لە نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: ڕووداو