نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپای ڤاتیکان کرد

رۆژی شەممە 26-04-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیسدا بەشداری کرد. ماتیۆ پیانتێدۆسی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا رایگەیاند: "400 هەزار کەس لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون."

نیسان 26, 2025 - 17:59
نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپای ڤاتیکان کرد

لەنێو ئامادەبوواندا سەرۆک، سەرۆکوەزیران، شا و شاژنی بەشێک لە وڵاتان هەبوون. میوانەکان لە گۆڕەپانی سەینت پیتەر لە باکووری رۆما دانیشتبوون.

 پاپا فرانسیس لەسەر وەسێتی خۆی لە کەنیسەی (سەینت ماری مەیجەر) لە دووریی شەش کیلۆمەتر لە کەنیسەی سەینت پیتەرەوە بە خاکسپێردرا. نێچیرڤان بارزانی، لە پەڕاوێزی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی پاپا فرانسیس، لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی جیهان دیدار و کۆبوونەوەی کرد.

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لەگەڵ ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا، ڤاهان کاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا، مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وڵاتان دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو.

لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا، رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەم جۆرە بۆنانە شاند میوانداری ناکرێن؛ ئەو شاندانەی تایبەت و سەرەخۆشی دەنێرن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداربوون لە بۆنەکەدا دەردەبڕن، ڤاتیکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات. ئەو شاندانەی زۆر نزیکن و ئەوانەی زۆر نزیک بوون لە پاپا، ئەو شاندانەش کە پاپا خۆی زۆرجار چاوپێکەوتنی لەگەڵیان هەبووە و لای پاپا گرنگ بوون، هەڵدەبژێردرێن."

 رێزان حەمەساڵح گوتی: "ئێمە وەک نوێنەرایەتی، سەرەخۆشیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە ڤاتیکان و گوتمان ئەگەر رێوڕەسم هەیە، خۆشحاڵ دەبین بەشدار بین. چەند وڵاتێکی دیکە داوایان کرد، بەڵام ڤاتیکان خۆی هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتی و ئەو وڵاتانە دەکات کە زۆر نزیکن."

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد: "راستە هەرێمی کوردستان زۆرینە کریستیان نییە، بەڵام پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان وایکردووە کە زۆر تایبەت بێت."

 ئەمڕۆ شەممە رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حیزبی بەیت نەهرێنی کریستیان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانایەکی گەورەی هەیە. مانای ئەوەیە ڤاتیکان گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات." رۆمیۆ هەکاری گوتی: "هەرێمی کوردستان توانیویەتی ببێتە نموونەیەک کە سەرنجی وڵاتان رابکێشێت کە شوێنێکی سەلامەتە بۆ ژیانی زیاتر لە نەتەوە و ئایینێک."

 بەشێک لەو سەرکردانەی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون بریتی بوون لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکان بوو، بەدەست نەخۆشیی هەوکردنی سییەکانەوە دەیناڵاند و رۆژی 21ـی ئەم مانگە لە ئەنجامی نەخۆشییەکەی لە تەمەنی 88 ساڵی کۆچی دوایی کرد.

پاپای ڤاتیکان پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی هەبوو، بەجۆرێک: 13-03-2013 پێشوازی لە سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. رۆژی 2014-05-30، سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا کۆبووەوە و وێڕای باسکردنی دۆخی ئاوارەکان کە لە ئەنجامی هێرشی داعش هاتبوونە هەرێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڤاتیكانیش تاوتوێ کران.

 02-03-2015 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان چووە ڤاتیکان و پوخته‌یه‌كی لە‌باره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی هەرێمی کوردستان بۆ پاپا فرانسیس باسکرد. 2018-01-12 نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاپا کۆبووەوە؛ لەو دیدارەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان، دۆخی ئاوارە و کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردسستان تاوتوێ کران.

2020-02-19 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپا لە ڤاتیکان کۆبووەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تابلۆیەکی پێشکێشی پاپا فرانسیس کرد، کە گوزارشتی لە پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ ئایینی و كولتوورییەکانی هه‌رێمی كوردستان دەکرد. 2021-03-07 پاپا فرانسیس لە سەردانێکی مێژووییدا هاتە هەرێمی کوردستان و سوپاسی پێشوازیکردن و خۆشەویستی گەلی کوردی کرد و لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لەگەڵ هەزاران کریستیان نوێژی قەداسی کرد.

رێزان حەمەساڵح لەبارەی پەیوەندیی نێوان پاپا و هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوایین نوێژی پاپاش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەرێمی کوردستان بوو؛ پەیوەندیی نێوان پاپا و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش زۆر بەهێز بوو."

پاپا فرانسیس لە 17-12-1936 لەدایکبووە، یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئەمریکای باشوور بوو ببێتە پاپا؛ دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەورووپاش بوو دوای گریگۆری سێیەم ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت.

دوای تووشبوون بە نەخۆشی، دووشەممە 21ـی نیسانی 2025 لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو، لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا.

دوای کۆچی دوایی پاپا فرانسیس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پاپا فره‌نسیس به‌ جه‌سته‌ کۆچی دوایی کرد، به‌ڵام یاد و په‌یامه‌كه‌ی هه‌میشه‌ به‌ چرای هیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌. بۆ ئێمه‌ش یادی سه‌ردانه‌که‌یان بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ 2021 بۆ هه‌میشه‌ زیندوو و جێی شانازیمان ده‌بێت."