ڕاپۆرتی ئاکسیۆس و پێگەی نێچیرڤان بارزانی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا

ئاب 19, 2026 - 18:32
ڕاپۆرتی ئاکسیۆس و پێگەی نێچیرڤان بارزانی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا

مایکل ئی جەی فیلیبس

مامۆستای زانکۆ

لە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦ ڕاپۆرتە هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراو لەلایەن ئاکسیۆس بڵاوکرایەوە کە باس لە کەناڵێکی دانوستانی نهێنی نێوان ئیدارەی ترامپ و فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات و تیادا هەردوولایەنی شەڕەکە متمانەی تەواویان بە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی هێناوە. دوور لە وردەکاریەکانی  ئەم هەواڵە و پشتڕاستکردنەوەی، پشتی پەردە و دپلۆماسیی ژوورە تاریکەکان دێنە بەرچاو کە سروشتی پەرتەوازەیی سەرچاوەی بڕیاردانی ڕێبەرایەتی ئێران پیشان دەدات.

لە دانوستانەکانی مانگی ئایاری رابردوو، ئەمەریکیەکان دوودڵ بوون لە دەسەڵاتی دانوستانکارە ئێرانیەکان (عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قاليباف سەرۆکی پەرلەمان) بۆ ڕێککەوتن کە سوپای پاسداران پابەندی بڕیارەکانیان نابێت. بۆیە کۆشکی سپی ناچاربوو بەدوای کەناڵێکی نهێنی متمانە پێکراو بگەڕێ؛ نە پەنای بردە بەر سەرکردە زلهێزەکانی کەنداو، نە دیپلۆماتکارانی ئەوروپی، و نە نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی یەکان، بەڵکوو پەنای بۆ کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی برد.

ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە کە تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەو کاتی ئەمریکا، بە ئاگاداری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی دەکەن تاوەکو توانا دیپلۆماسییەکەی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران. ئەوەبوو هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بوونە هۆی ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە تەلەفۆنێکی کۆدکراوەوە بێتە هەولێر و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی ئەنجام بدرێ.

سێ سەرچاوەی ئاگادار، بە بەرپرسێکی کۆشکی سپیشەوە، لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتووە. برێت مەکگۆرک، کە ڕاوێژکاری باڵای ئەمریکییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاری بۆ چوار سەرۆکی ئەمریکی کردووە، بە یاشکرا ڕایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی پراگماتیکی شارەزایە توانای پێشنیاری چارەسەری کێشەکانی هەیە. لەسەرانسەری ناوچەکەدا ڕێز لە بۆچوونەکانی دەگیرێت. پەیوەندی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدرانی تاران و واشنتۆن هەیە. هەر ئەوەشە وا دەکات لە کاتە هەستیارەکاندا پەنای بۆ ببرێت.

ئەم وردەکارییانە نابنە بەڵگە چونکە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بەدۆکیومێنت نەکراون، بەڵام وردی بابەتەکە، زۆری سەرچاوەکان کە باسکراون، بەرپرسی باڵای ئەمریکی ناسراو لە نێوانیاندا، وا دەکات کە سەخت بێت هەموو راپۆرتەکە وەک هەواڵێکی دروستکراو لە قەڵەم بدرێ. هەرچەندە عەباس عەراقچی ڕەتیکردەوە کە ئەم هەوڵە ڕاست بێت، چونکە لەوانەیە ڕەتکردنەوەیە پێویست بێت لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی و هەڵوێستی فەرمیی ئێران هەرچەندە لە ڕاپۆرتەکە باس لە حکوومەتی ئێران نەکراوە، بۆیە ڕەتکردنەوەی هەواڵەکە مانای ئەوە نییە کە بابەتەکە ڕاست نەبێت.

هەندێک لە میدیا کوردیەکان پڕوپاگەندەی فراوانیان لەسەر ڕەتکردنەوەکەی عەراقچی بڵاو کردەوە، بە شێوەیەک کە ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس سەرلەبەری دروستکراو بێ! هەندێکی دیکەش هەوڵیان دا هەڵوێستی لاری تاران ڕاست بکەنەوە. بەڵام ئەم هەوڵانە پرسیارێکی سەرەکی دروستدەکەن: بۆچی ھەندێ میدیایی ناوخۆیی کوردی قەڵس بوون و هەوڵی زەقکردنەوەی ڕەتکردنەوەکە دەدەن؟ لە کاتێکا ئەرکی میدیا گواستنەوەی هەواڵە نەک ڕەتکردنەوە چونکە پەیوەندییەکە زۆر نهێنی بووە لە نێوان بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، سەرچاوەکەش دەریدەخات کە کۆشکی سپی ڕازی بووە بە درکاندنی نهێنیەکە.

میدیای پرۆفێشناڵ و بەرپرس دەتوانێت ڕەتکردنەوەکەی ئێران و ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس بەراورد بکات و  ناهاوسەنگییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە و بەدوای بەڵگەی زیاتردا بگەڕێت. بەڵام ناکرێ پروپاگەندە بۆ ڕەتکردنەوەی فەرمی لایەنێکی دۆڕاوی شەڕەکە بکات بە بەڵگە.

ئێران هۆکاری خۆی هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕاپۆرتەکە بەڵام وروژاندنی گومان لە ڕاستیی ڕاپۆرتەکە مانای دانپێدانانی ئێرانییەکانە کە ئەمریکا وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی تێپەڕاندووە لە دانوستانەکاندا، چونکە متمانەی تەواوی بە نوێنەرانی فەرمیی دانوستانکارەکانی ئێران نەبوو  کە بڕیاربەدەست بن. هەروەها ئەوەشی دەرخست کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و سوپای پاسداران هەیە، لەکاتێکدا کە وتارەکانی تاران هێشتا تووندن بەرامبەر ئەمەریکا.

بەم شێوەیە، ڕاپۆرتەکە پەنجە دەخاتە سەر پرسێکی هەستیاری ناوخۆیی لە ئێران؛ لەڕاستیدا کێ دەسەڵاتی دانوستانی هەیە؟ قبووڵکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ئێرانەوە، پێگەی دامەزراوەیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لاواز دەکات، دابەشبوون و پەرتەوازەیی لە ناو سیستەمی حکوومڕانی و بڕیارداندا ئاشکرا دەکات و ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئێران سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی نییە. بۆیە قبووڵنەکردنی ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ دۆخی ناوخۆی ئێران هەنگاوێکی دروستە؛ بەڵام دەبێت ئەم ڕەتکردنەوەیە لە چوارچێوەی سیاسیی دا هەڵبسەنگێندرێت، نەک وەک بەڵگەو هەڵڵای ڕاگەیاندن.

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە بۆچی واشنتۆن ڕوو لە نێچیرڤان بارزانی دەکات لە کاتێکدا وڵاتانی خاوەن سەروەری وەک قەتەر و پاکستان پێشتر وەک ناوبژیکار کاریان کردووە؟ وەڵامەکە لە جیاوازی نێوان ناوبژیوانی دامەزراوەیی و کاریزمای کەسەکاندایە.

قەتەر ئەزموونێکی بەرفراوانی لە میوانداریکردنی دانوستانەکاندا هەیە و خاوەنی ژێرخانی دیپلۆماسی، سەروەری و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەهێزە بۆ ناوبژیکردن. پاکستان بە هەمان شێوە دەتوانێت پەیامەکان لە ڕێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بگوازێتەوە. ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس ئاماژە بەوە ناکات کە بارزانی جێگەی هیچ کام لەو دوو وڵاتەی گرتووەتەوە. ئاماژەکە بۆ ئەوەیە کە واشنتۆن پێویستی بە گرتنەبەری شێوازێکی جیاوازە، تا ڕاستەوخۆ دەستی بگاتە ناوەندێکی بڕیاری یەکلاکەرەوە و بەهێز لە ناو ئێراندا.

لە چەمکە جیوپۆلەتیکییە نەریتییەکاندا، هەرێمی کوردستان کیانێکی فیدراڵییە لەناو عێراقدا و ناتوانرێت بەراورد بكرێت لەگەڵ ئێران لە ڕووی دەوڵەتداری، ژمارەی دانیشتوان، یان توانای سەربازییەوە؛ بەڵام هێزی دیپلۆماسی تەنها لەڕێگەی قەبارە یان پێگەی دەستورییەوە دەرناکەوێ. لە کاتی قەیراندا، دەستگەییشتن، وریایی، باوەڕپێکراوی و متمانەی کەسی؛ دەکرێت زۆر گرنگتر بن لەدەسەڵاتی فەرمی.

ئەمە نیشانەی کەسایەتییە بەهێزەکەی نێچیرڤان بارزانییە نەک  هەرێمی کوردستان وەک کیانێک، بەڵکوو سەرکردەیەکی هەڵکەوتوو، لێوەشاوە و فارسیزانە، تێگەییشتنی تەواوی بۆ کولتووری سیاسی ئێران هەیە، پەیوەندی دیرۆکی لەگەڵ تاران پاراستووە و لە واشنتۆنیش جێگەی باوەڕ و متمانەیە.

کەواتە نێچیرڤان بارزانی سەلماندی کە دەتوانێت دەست ببات بۆ ئەرکێک کە وڵاتە زلهێزەکان گیریان خواردووە بەدەستییەوە. قەتەر دەتوانێت شوێنێکی دانپێدانراوبێت بۆ دانوستان، بەڵام ڕەنگە هەمان کاریزما و پەیوەندی لەگەڵ ئەوانەدا نەبووبێت کە واشنتۆن بەدوای ڕەزامەندییاندا دەگەڕێ. ڕەنگە پاكستانییەکان لە خوێندنەوەکانیاندا گەشبینتر بووبن لەوەی گفتوگۆکان پشتڕاستی دەکەنەوە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی توانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان هەبێت بێ ئەوەی خۆی وەک بەشێک لە هیچ لایەک نیشانبدات.

ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژی ١٦ی ئابدا بڵاوکرایەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای نیوەشەوی ١٧ی ئاب، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. بەپێی ڕاگەیێندراوێیکی دژەتیرۆری کوردستان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کراون، کەچی ئێران بێئاگایی خۆی لەو هێرشانەدا نیشاندا و هێرشەکەیشی ئیدانە کرد و هۆشداریدا لەوەی کە دەکرێت ئۆپراسیۆنێک بێت بۆ

ئاژاوەنانەوەی زیاتر لە نێوان وڵاتە دراوسێکان. هاوکات هیچ ڕێکخراوێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

کاتی ڕووداوەکە پرسیار دروست دەکات، چونکە ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس پەیوەندیی زۆرهەستیاری نێوان واشنتۆن و سوپای پاسدارانی ئاشکرا کرد بە نێوەندگیری نێچیرڤان بارزانی. هەروەها ئاشکرای دەکا کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دانوستانەکاندا نەبووبێت. بۆیە ئەم هێرشەی دەکرێت وەڵامێکی تۆڵەئامێزە لە لایەن باڵێکی ناڕازی و بێ دەسەڵات کە ڕاپۆرتەکە بڵاویکردۆتەوە.

لێکدانەوەیەکی تر کە دەبێت لەبەر چاو بگیرێت ئەویش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پێشتر نزیکەی ١,٠٠٠ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کراوەتە سەر لە کاتی شەڕی ناوچەیی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەم هێرشانەش دەکرێت بەشێک بووبێت لەو هێرشە بەردەوامانەی کە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێن بە ئەگەری زۆریشەوە پێش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس پلانی بۆ داڕێژراوە. هاوکات دەکرێت ئێران سوودی لە هەڵوێستی سوپای پاسداران بەرامبەر ئەمریکا وەرگرتبێت، بەڵام لایەنی نێوەندگیر نهێنییەکانی پاراستووە و ڕەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نابێت، مەگەر ئەمە وەکوو کاردانەوەیەکی لایەنی ناڕازی هەژمار بکرێت.

ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس و هێرشە درۆنیەکان دەرئەنجام و بەشێکن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران، هیچ بەڵگەیەک نیە کە ئەم دوو ڕووداوە پەیوەندیان بەیەکەوەهەبێت، جگە لە کاتبەندییەکە گرنگی دەدات بە هەردوو ڕووداوەکە و پێویستە لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوام بن.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕاپۆرتەکە کەسایەتیی دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی بە سێ شێوە وێنا دەکات. سەرەتا وەک ناوبژیوانێکی متمانەپێکراو لەنێوان گەورە شەڕکەرانی جیهان دەرکەوت کە ڕاستەوخۆ کۆیاندەکاتەوە. ئەم متمانەیەش بە چاوتروکانێک و لە کاتی قەیراندا دروست نابێت؛ بەڵکوو ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەیە کە بە ئارامی و بە پشوودرێژی لە ماوەی ساڵانێکی زۆردا لەسەریەک بنیاتنراون.

هەروەها بە گشتی، ئەم ڕەوایەتە هەولێر دەخاتە چوارچێوەی جوگرافیای دیپلۆماسیی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک پێشنیاری ئەمریکا دەیەوێت گفتوگۆی نهێنیی لە هەولێر ئەنجام بدات لەگەڵ دەستڕۆیشتوانی دەسەڵاتی ئێران. ئەوجا کۆبوونەوەکە کرابێت یان نا دەرکەوت شارەکە بە شوێنێکی گونجاو لەقەڵەمدراوە بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسیی لەسەر قەیرانی شەڕ لەو ئاستە بەرزدا.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک کارەکتەرێک دەخاتەڕوو کە تەنها بە کاروباری کوردستان سەرقاڵ نییە، بەڵکوو ئەو بە شێوازێک کار دەکات کە فاکتەری خێر بێت لەناو ململانێیکاندا چونکە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئێران، ئەمریکا، عێراق و ناوچەکە بە گشتی. بۆیە دەبێت گرنگیی ئەو دیپلۆماسییەتە لە چوارچێوەی عێراقی و ناوچەکەدا ببینرێت، نەک تەنها لە ڕوانگەی سیاسەتمەدارێکی کوردی.

کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی عێراق شانازی خۆیان نەشاردۆتەوە بەم دیپلۆماسییەتە، چونکە هاوکات سەرکردەیەکی سیاسیی عێراقییە کە جێگەی متمانە بووە بۆ نێوەندگیری واشنتۆن و یەکێک لە بەهێزترین دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی ئێران لە سەردەمێکدا کە دیپلۆماسیی باو ڕووبەڕوو کۆسپ و ئاستەنگی جیدی لە پێشە. جیاوازی و ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراق هەرچۆنێک بن، بوونی نێوەندگیری لەمجۆرە دەستکەوت و سەرمایەیەکی دیپلۆماسیی نیشتمانی عێراقیشە.

ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس وانەیەکە لە سروشتی کاریگەریی سیاسی کە هەندێک کات پابەندی ڕیزبەندی فەرمیی دەوڵەتان نابێت، بەڵکوو دەکرێت لە کەسایەتی، جێگیری و نەگۆڕیی هەڵوێست و توانای پاراستنی پەیوەندی لە نێوان ئەو لایەنانەدا سەرچاوە بگرێت کە متمانەیان بەیەکتر نییە و بەدوای بەدیلی ئەقلانی دەگەڕێن.

شێوازی دیپلۆماسیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە شێوەیەکی گشتی واقیعبینانە، پێوانەکراو و هێمنانەیە. جەخت لەسەر دایەلۆگ، ئاشتی و سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزیی ناوچەیی دەکاتەوە. ئەو لە مانگی ئاداری ڕابردوودا ڕایگەیاند کە (هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان) و جەختی کردەوە کە (پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا لەپێشینەیە... هەرێمی کوردستان لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی تری دراوسێ.) هەڵوێستێکی لەم شێوەیە بوو بە بناغەیەکی باوەڕپێکراو بۆ ناوەندگیری؛ چونکە ناوەندگیرێک ناتوانێت کاریگەر بێت ئەگەر لایەنێکیان تەنها وەک ئامرازێکی لایەنەکەی تر سەیری بکات.

شێوازە هێمن و ئارام و لەسەرخۆکەی وەکو کارەکتەرێک، نابێت وەک لاوازیی سیاسی لێکبدرێتەوە، چونکە لە سیاسەتی دیپلۆماسی، سادەیی لە ڕەفتار و خۆبەگەورەنەزانین دەکرێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی، لەکاتێکدا پێشبینیکردن و جێگیری لە هەڵوێستدا متمانە دروست دەکات. توانای پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن، تاران، بەغدا، ئەنقەرە، جیهانی عەرەبی و حکوومەتە ئەورووپییەکان، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە دەسەڵات و هێزی ستراتیژی.

بۆ سیاسەتمەدارانی کورد و عێراق، دەبێت ئەم ڕاپۆرتە وەک سەرچاوەیەکی شانازیی دامەزراوەیی سەیر بكرێت، نەک لە ڕوانگەیێکی تەسک و بەرتەنگی حەسادەتەوە. دانپێدانان بە ڕۆڵی نێودەوڵەتیی سەرکردەیەکی ئاوا واتای دەستبەرداربوون لە جیاوازییە سیاسییەکان نییە؛ بەڵکوو بە واتای تێگەییشتنە لەوەی کە سەرکردایەتییەکی واقیعبینانە و پاراستنی پەیوەندییە بەردەوامەکان دەکرێت کاریگەری و سەنگێک بە هەرێمی کوردستان و عێراق ببەخشن کە زۆر لە توانای ماددی و سەربازییان فراوانتر بێت.

ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس نابێت تەنها بەیەک دیودا سەیربکرێ، دەرەنجامە سیاسییە بەربڵاوە دژوارەکەی فەرامۆش بکرێت. لە کاتی تەنگانەدا (بە وتەی برێت مەکگۆرک)، واشنتۆن بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە توانای گفتوگۆکردنی لەگەڵ بڕیاربەدەستە ڕاستەقینەکانی تاراندا هەبێت و متمانەیپێبکرێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی زۆر هەستیار. گرنگیی نێودەوڵەتیی ئەم بابەتە تەنها لەو پەیامەدا نییە کە گەیاندی، بەڵکوو لەو سەرکردایەتییە هاوسەنگەدا خۆی دەبینێتەوە کە ساڵانێکە هەموو لایەک درکیان پێ کردووە.

پێموایە هەموو عێراقییەک و کوردێک و کوردستانییەک پێویستە شانازی بەم بەرەوپێشچوونە بکەن کە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەخۆییەوە بینیوە.