لە الشرقية وە بۆ کایەی سیاسیی عێراق: نێچیرڤان بارزانی و نەخشەڕێگەی ڕزگارکردنی سەروەری
ڤینۆس بابان
مێژووی نەتەوەکان بە وتاری سۆزدار و دروشمی بێناوەڕۆک نانووسرێتەوە، بەڵکو بەو هەڵوێستە یەکلاکەرەوانە جێگیر دەبێت کە گەلان بە بێ پەردەپۆشکردن و ڕووکەشسازی، دەخەنە بەردەم ئاوێنەی چارەنووسی مێژوویی خۆیان.
کاتێک ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە زمانێک بەدەر لە چوارچێوە دەرەکییەکانی دیپلۆماسییەتی نەریتی دەدوێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق لە لێواری گۆشەگیرییەکی بێبەزەییانەی نێودەوڵەتیدایە ئەوا لە سنووری هۆشدارییەکی ئاسایی تێدەپەڕێت، ئەمە زەنگی داواکاری دوا دەرفەتە بۆ جەستەی دەوڵەتێک کە بەدەست پەشێویی چەکی بێکۆنتڕۆڵەوە تووشی داخورانی پلەبەپلەی سەروەری بووە.
ئەم ساتەوەختە لە ڕەهەندی ململانێی حزبی و کێشە نەریتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەورەترە تەواوی پێکهاتەی حوکمڕانی لە عێراق دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی چارەنووسساز: یان ئەوەتا عێراق بە سەروەریی یاسا تەختی شەرعییەتی خۆی وەردەگرێتەوە یاخود لەژێر قورسی وەهمەکانی چەکی دەرەوەی دەوڵەتدا هەڵدەوەرێت و دەبێتە گۆڕەپانێکی چۆڵکراو کە جیهان پشتی تێدەکات و هەرێمەکەیشی بایکۆتی دەکات.
ڕەهەندە ئاماژەیییەکانی دەرکەوتن لە شاشەی الشرقیة و بەرنامەی المواجهة
دەرکەوتنی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە بەرنامەی المواجهة لە کەناڵی الشرقیة لەگەڵ ڕاگەیاندنکار هیشام عەلی، ئامادەیییەکی تەلەڤزیۆنیی ئاسایی و ڕووکەشانە نەبوو، بەڵکو هێنانەکایەی مانۆڕێکی پەیوەندیی ستراتیجی و دیپلۆماسییەکی ووردبینانە بوو لەسەر دوو ئاستی جەوهەری:
تێپەڕاندنی جۆغرافیای سیاسیی ناوخۆ:.. هەڵبژاردنی سەکۆیەک کە ڕاستەوخۆ کارپێکەری ڕای گشتی و کایەی سیاسیی ناوەڕاست و باشووری عێراقە هەوڵێک بوو بۆ دەربازبوون لە چوارچێوەی گوتاری ناوچەیی و داڕشتنەوەی پەیامی هەرێم بە زمانێکی نیشتمانیی فرەڕەهەند کە ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی عێراق دەنگ دەداتەوە.
داڕشتنەوەی ڕاشکاوانەی دەستنیشانکردنی قەیران.. سروشتی بەرنامەکە لەگەڵ هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمدا یەکیان دەگرتەوە، وەلانانی پەردەپۆشیی دیپلۆماسی و گۆڕینی شەفافییەتی کارا بۆ ئامرازێکی شیکاری بۆ دەستنیشانکردنی بێپەردەی ئەو قەیرانە نیشتمانییە قووڵانەی کە دامەزراوەکانی دەوڵەتیان تووشی ئیفلیجی کردووە.
مەترسیی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و دەستنیشانکردنی کێشەکان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، بە هۆشدارییەکی زۆر ڕاشکاو لە مەترسیی گۆشەگیربوونی عێراق لەسەر ئاستی جیهان هاوکێشە سیاسییەکانی بەم شێوازە ڕوون کردەوە:
کۆنترۆڵکردنی چەک پێداویستییەکی عێراقییە، نه ک ئەمریکی.. ئەو بەڵگەیەی هەڵوەشاندەوە کە دەڵێت کۆنترۆڵکردنی چەک تەنها داواکاریی ئەمریکایە، جەختی کردەوە کە بوونی ئەمریکا کاتییە بەڵام کۆنترۆڵکردنی چەک مەرجێکی سەرەکییە بۆ مانەوەی عێراق و پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێکانیدا.
زیانی هێرشەکان بۆ سەر ناوبانگی عێراق.. بەردەوامبوونی هێرشی درۆن و ڕۆکێتەکان بڕواپێکراویی حکومەتی بەغدا لەسەر ئاستی جیهان لاواز دەکات و عێراق وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاشتی نیشان دەدات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ وڵات تووشی گۆشەگیریی ئابووری و دیپلۆماسی دەکات.
هاوسەنگی لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریدا.. هەڵوێستێکی ڕوونی خستەڕوو، لە لایەک جەختی لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکان کردەوە بۆ ئەوەی خاکی هەرێم نەبێتە مەیدانی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان بە تایبەت لە دۆسیەی PKKدا کە بوونیان بە بارگرانی و هۆکاری تێکچوونی سەقامگیری دانا، لە لایەکی ترەوە داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن و هەرێم نەکەنە مەیدانی ململانێکانی خۆیان.
کێشەی شەرعییەتی دووفاقی و ئاڵنگاریی دامەزراوەیی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەیەکی ڕاشکاو و عەقڵانی خستەڕوو بۆ داماڵینی پۆشاکی نیشتمانی لە هێزە چەکدارە دەرچووەکان لە یاسا ئەوەش لە ڕێگەی لێکجیاکردنەوەیەکی وردبینانەی پێکهاتەی ئەمنی:
شکۆدارکردنی قوربانیدانەکان و ڕێگری لە قۆستنەوە.. ڕێزگرتنی بەڕێزیان لە سەروەریی قوربانیدانەکانی حەشدی شەعبی، سوپای عێراق و پێشمەرگە، بڕواپێکراوییەکی نیشتمانیی ڕەهای بە هەڵوێستی هەرێم بەخشی و ڕێگەی لە بەسیاسیکردنی قوربانیدانەکان بڕی.
جیاکاری لە نێوان دامەزراوەییبوون و ئاژاوەگێڕی.. ئەو حەشدەی پابەندی یاسا و بڕیاری دەوڵەتە بەشێکە لە سۆندمەی بەرگریی سەروەری، بەڵام بەکارهێنانی سێبەری فەرمی و بەهەدەردانی دارایی گشتی بۆ تاقمێک کە سەربەخۆیانە بڕیاری شەڕ دەدات و دامەزراوەکان ئامانج دەگرێت پارادۆکسێکی بونیادی و لەقکردنی ڕاستەوخۆی پایەکانی دەوڵەتە.
ژووردارکردنەوەی شەرعییەتی دیموکراتی.. سەرۆکی هەرێم سووربوونی هەولێری بۆ ئەنجامدانی هەڵوژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، وەک ئیستحقاقێکی دەستووری بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەتی دامەزراوەکان و ڕەتکردنەوەی سەرجەم ئەو ئاراستە میدیاییانەی هەوڵدەدەن هەرێم بە پاشەکشە لە بەها دیموکراتییەکان تۆمەتبار بڕژێنن.
تێچووی مرۆیی و ئەمنی.. داخورانی بەردەوام و سەروەریی درزبردوو
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە ژمارە سەختەکەی بەرکەوتنی هەرێمی کوردستان کرد کە نزیکەی ۱۰۰۰ جار بۆردومانکردن بوو لەگەڵ پەلاماردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە بەغدا:
زیانی مرۆیی و دانبەخۆداگرتنی ستراتیجی.. ئامانجگرتنی هەرێم بەم قەبارەیە تەنها پێشێلکارییەکی ئاسایی ئەمنی نییە بەڵکو داخورانی ڕاستەوخۆی ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، دانبەخۆداگرتنی هەرێم لە بەرزترین ئاستدا لە بەرپرسیارێتییەکی ستراتیجییەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتنی ناوخۆیی، نەک لە سۆنگەی لاوازییەوە.
سەروەریی پارچەپارچەکراو.. پەلاماردانی بەغدا و هەولێر بە هەمان شێواز، دەیسەلمێنێت کە چەکی بێکۆنتڕۆڵ دان بە هیچ سنوور و شەرعییەتێکدا نانێت و زیانلێکەوتووی یەکەم و کۆتاییش سەروەریی نیشتمانیی گشتگیرە.
کەشتیی نیشتمان و هاوکێشەی ئابووریی ڕاوەستاو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەتی بە بژێویی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیان و داهاتووی ئابووریی نیشتمانییەوە گرێدا ئەوەش لە ڕێگەی دوو دەروازەی جەوهەرییەوە:
هاوبەشی لە چارەنووس و یەکپارچەییی ئاسایش.. وێنەکردنی جوغرافیای سیاسیی عێراق (لە زاخۆوە تا بەسرە) وەک یەک کەشتیی هاوبەش ڕەتکردنەوەی جیاکردنەوەی ناوچەیییە، لێکترازانی ئەمنی لە هەر شوێنێک ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ تەواوی وڵات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕێگری لە ڕاکێشانی سەرمایە و پەکخستنی گەشەپێدان.. ژینگەیەک چەک تێیدا لە سەرووی یاساوە بێت بڕواپێکراوی ئابووری کەم دەکاتەوە و ڕێگە لە هاتنی وەبەرهێنانی بیانی دەگرێت، ئەمەش دەرفەتەکانی کار لە گەنجان زەوت دەکات و پرۆسەی گەشەپێدان سست دەکات.
زیانی سەروەریی دارایی و پرسی نەوت و مووچە.. بەڕێزیان پرسی هەناردەی نەوتی لە ڕێگەی جەیهان و دواکەوتنی مووچەی لە چوارچێوە دەستوورییەکاندا شیکردەوە، جەختی کردەوە کە هەموارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان کێشەیەکی تەکنیکی-دەستوورییە لە بودجەدا نەک دەستکەوتی سیاسی، هاوکات ڕاگرتنی نەوت و بەسیاسیکردنی مووچە تەنها گوشار نین بۆ سەر هەرێم بەڵکو زیانێکی دارایی ڕاستەوخۆن بۆ خەزێنەی سەرەکی و تەواوی ژێرخانی ئابووریی عێراق.
دادگاییکردنی ناوەندی بڕیار و پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن
سەرۆکی هەرێم پرسیارە جەوهەرییەکەی سیستەمی سیاسیی وروژاند: کێ حوکمرانیی عێراق دەکات؟
جیاکردنەوەی پەیوەندیی کەسی لە بەرپرسیارێتیی دامەزراوەیی.. سەرەڕای پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بەڕێزیان جیاوازیی کرد لە نێوان دۆستایەتیی کەسی و نەبوونی ئالیەتی فەرمیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.
پشتیوانی لە سەرۆک وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی دووفاقی.. پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی بۆ سەرۆک وەزیران دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی چەک و قورغکردنی لە دەستی دەوڵەتدا. هاوکات لایەنەکانی خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی: نەگونجانی بەشداریکردن لە دەسەڵات و هاوڕێیەتی لەگەڵ چەکی بێکۆنتڕۆڵ.
دیپلۆماسیەتی پێشگیرانە و ڕەهەندی ژیۆپۆلیتیکی (دۆسیەی سوریا)
گوتاری سەرۆکی هەرێم لە چوارچێوەی ناوخۆدا قەتیس نهبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ ڕەهەندە هەستیارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) :
پەیوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی.. تێڕوانینی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە گرێدانی ئاسایشی ناوچە کوردییەکانی سوریا بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و هەرێمەوە سەرچاوە دەگرێت.
نەخشەڕێگەی پاراستنی سەقامگیری.. هەولێر ڕۆڵی دیپلۆماسیەتی پێشگیرانە دەگێڕێت بۆ دوورخستنەوەی پێکهاتەی کورد لە ماڵوێرانییەکانی پەرەسەندنی سەربازی لە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی هاوسەنگ کە سەقامگیریی سنوورە هەستیارەکان دەستەبەر بکات.
تاقیکردنەوەی ئیرادە و مانیفێستی ڕاستییەکان
لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەنها هەڵسەنگاندنێکی کاتی نەبوون بۆ ئاڵۆزییەکان، بەڵکو هێنانەکایەی مانیفێستێکی سیاسیی ڕاشکاو بوو بۆ قۆناغێک کە تێیدا عێراق لەسەر دەستپێکی وەرچەرخانێکی مێژووییدا وەستاوە، بەڕێزیان بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە هاوکێشەی حوکمرانی گەیشتووەتە شوێنێک کە چیتر بوار بۆ سازشی نەنیشتمانی و مانەوە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا نەهێشتووەتەوە: سیستەمی سیاسی تەنها یەک ڕێگەی لەبەر دەمدایە، یان ئیرادەی دەوڵەت، یاخود سەرگەردانی لە سێبەری نا-دەوڵەتدا.