وردەکاریی کەناڵە نهێنییەکەی ترەمپ بۆ پەیوەندیکردن بە سوپای پاسدارانەوە
باراک ڕاڤید
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، دانوستانکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتی هەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، تووشی گرفتێک بوون: نەیاندەتوانی بزانن ئایا ئەو لایەنەی لە بەرامبەریان دانیشتووە، بەڕاستی نوێنەرایەتیی دەسەڵاتیسوپای پاسدارانی ئیران دەکات یان نا؟
لەبەرئەوە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەستیان بۆ هەنگاوێکی نائاسایی برد - بە دەوری دانوستانکارە فەرمییەکانی ئێراندا سووڕانەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کرد. ئەو کەسەی بۆ ئەم کارە نهێنییە دەستنیشان کرابوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو؛ کەسێک کە خاوەنی تایبەتمەندییەکی دەگمەنە: جێگەی بڕوای تەواوی هەردوو سەرکردایەتیی ئەمەریکاو سوپای پاسداران.
بۆچی ئەمە گرنگە؟
ئەم ڕووداوە کە لەلایەن سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستمان کەوتووە و پێشتر بڵاو نەکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگییەکانی دانوستانی واشنتن لەگەڵ وڵاتێکدا کە ڕوون نییەکێ بڕیاردەری کۆتایییە. ئەگەرچی ئەمەریکا و ئێران گەیشتنە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، بەڵام ڕێککەوتنەکە زۆر بە خێرایی هەڵوەشایەوە.
ئەركی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ لە ئێستا و لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا، دڵنیابوونەوەیە لەوەی دانوستان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکات کە تەواوی بڕیاریان بەدەستەوەیە. ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی نێوەندگیرێکە کە جێگەی بڕوای هەردوو کۆشکی سپی و دەسەڵاتی ئێران بێت.
وێنە گەورەکە:
جەنگەکە سەرکردایەتیی ئێرانی شڵەژاند. کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵا و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییە باڵاکانی تر - و ٤٠ ڕۆژ شەڕی بەردەوام - بە شێوەیەکی بەرچاو هەژموونی سوپای پاسدارانی بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا بەهێزتر کرد، بەتایبەتی لە بڕیارەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەدا.
نادیاریی باری تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای نوێ لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگەکە و دەرنەکەوتنی لە ڕاگەیاندنەکاندا، زیاتر لە پێشوو دەسەڵاتی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی بەهێز کرد.
ڕووداوەکانی ڕابردوو:
دوای ئاگربەستەکەی ٨ی نیسان و کۆبوونەوەی لووتکەی ئیسلامئاباد لە چەند ڕۆژی دواتردا، ئەمەریکا و ئێران هەوڵیان دا لە ڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، کۆشکی سپی پێی وابوو لە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە، بەڵام ئێران زیاتر لە ۱۰ ڕۆژ وەڵامەکەی دواخست.
دانوستانکارانی کۆشکی سپی تووشی گومان بوون لەوەی کە دانوستانکارە ئێرانییەکان — محەمەد باقر قالیباف،سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پەیامەکانیان ڕەت دەکرێتەوە.
پاڵنەری ڕووداوەکان:
کۆشکی سپی تێگەیشت کە پێویستی بە کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و نهێنی هەیە لەگەڵ سەرکردایەتیی سوپای پاسداران.
دەوروبەری ۱۰ی ئایار، تولسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریکا پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کرد.
بەپێی وتەی دوو سەرچاوە، گابارد بە نێچیرڤان بارزانیی ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئەمەریکا پێیان وایە ئەو دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت بۆ پەیوەندیکردن بە ژەنەراڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە.
لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراقدا، نێچیرڤان بارزانی لە ئێران ژیاوە و لە زانکۆی تاران خوێندوویەتی. بەپێی گوتەی سەرچاوەیەک، ناوبراو بە زمانێکی فارسیی ڕەوان قسە دەکات و پەیوەندیی کەسیی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی ئێراندا هەیە، لەوانەش فەرماندە دیارەکانی سوپای پاسداران.
برێت مەکگۆرک، کە وەک ڕاوێژکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چوار سەرۆکی ئەمەریکا کاری کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی پراگماتییە و شارەزای چارەسەرکردنی کێشەکانە و لەسەر ئاستی ناوچەیی ڕێزی لێ دەگیرێت. ئەو زۆربەی دەستەڵاتدارانی تاران و واشنتن دەناسێت؛ هەر ئەوەشە وا دەکات لە کاتە هەستیارەکاندا پەنای بۆ ببرێت."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە گابارد بۆ نێچیرڤان بارزانیی ڕوون کردووەتەوە کە ئەم پەیوەندییە بە ڕەزامەندیی ڕاستەوخۆی سەرۆک ترەمپ و جێگرەکەی، جی دی ڤانس،ئەنجام دراوە.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند گابارد بە نێچیرڤان بارزانیی ڕاگەیاندووە کە کۆشکی سپی دەیەوێت بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران هاوڕان لەگەڵ ئەو خاڵانەی قالیباف و عێراقچی دانوستانیان لەسەر دەکەن، یان داواکاری و مەرجی دیکەیان هەیە؟
گابارد ڕوونیشی کردووەتەوە کە ناوبژیکاران نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ دەستیان بە وەحیدی بگات بۆ دڵنیابوونەوە لەم بابەتە.
لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکان:
نێچیرڤان بارزانی داواکارییەکەی گاباردی پەسەند کرد. پەیوەندیی بە کەسە نزیکەکانی لە سوپای پاسداران کرد و ڕایگەیاند کە پەیامێکی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێیە.
بەپێی گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردووەتەوە: "کە تەنیا دەیەوێت ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ ژەنەراڵ وەحیدی بکات."
ئێرانییەکان داواکارییەکەیان پەسەند کرد. لە ١٤ی ئایاردا، بەرپرسێکی سوپای پاسداران بە ئامێرێکی پەیوەندیی کۆدکراوەوە، بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، گەیشتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
بە پێ سەرچاوەیەکی ئاگادار، نێچرڤان بارزانی لە وەحیدیی پرسی ئایا ئەوان پشتگیری لە دانوستانکارە ئێرانییەکان دەکەن یان نا؟ ژەنەراڵە ئێرانییەکە وەڵامی دایەوە: "من بە تەواوی پشتیوانییان دەکەم و ئەمە هەڵوێستی فەرمییسوپای پاسدارانیشە. ئێمە لەوەشدا هاوڕاین کە قەیرانەکە دەبێتلە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێت."
سێ سەرچاوە، کە یەکێکیان بەرپرسێکی کۆشکی سپییە، پشتڕاستیان کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی دەستبەجێ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ وەحیدی، پەیوەندیی بە گاباردەوە کردووە و ناوەڕۆکی وەڵامەکەی ئێرانی پێ ڕاگەیاندووە. دواتریش گابارد زانیارییەکانی گەیاندووەتە کۆشکی سپی.
پەرەسەندنەکان: بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پەیوەندیە نهێنیە: دوای وەرگرتنی وەڵامەکەی ئێران، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی نوێی خستە ڕوو.
ئەمەریکا داوای لە نێچرڤان بارزانی کرد میوانداریی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەنێوان دانوستانکارە باڵاکانی ئەمەریکا و ئێران لە هەولێر بکات.
نێچیرڤان بارزانی پەیامەکەی بە ئێرانییەکان گەیاند. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان پێشنیازەکەیان ڕەت نەکردهوە، بەڵام نیگەرانیی جددییان لەسەر ئاسایشی خۆیان هەبوو.
ئەوان پێیان وابوو هەواڵگریی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و مەترسیی ئەوەیان هەبوو لە هەولێر یان لە کاتی هاتووچۆیاندا ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن ببنەوە.
لە ئەنجامدا، کۆبوونەوە پێشنیازکراوەکەی هەولێر سەری نەگرت.
دۆخی ئێستا:
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبژیکارانی پاکستان و قەتەر بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدی ناکرێت.
بەشێک لەو سەرچاوانە پێیان وایە پاکستانییەکان وێنەیەکی گەشبینانەتر لە ڕاستیی گفتوگۆکان پێشان دەدەن، بە مەبەستی دروستکردنی کەشێک لە ئومێد کە ببێتە هۆی شکاندنیبەربەستەکان.
ئەوەی پێویستە چاودێری بکرێت: بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نێچیرڤان بارزانی بەم دوایییانە پەیامی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و ئامادەییی خۆی بۆ هاوکاریکردن لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا-ئێراندەربڕیوە.
مەکگۆرک جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە لە کەسایەتیی ناوبژیکار نییە، گوتی: "کێشەی سەرەکی سیاسەتی ئێرانە بەرامبەر بە گەرووی هورمز، ئەوەش شتێک نییە لە ئاییندەیەکی نزیکدا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت."
سەرچاوە: ئەکسیۆس