ئەو سەرکردەیەی ڕاشکاوانە قسەدەکات !
محمد خۆشناو
بەدەگمەن سەرکردیەک یان سیاسەتمەدارێک دەبینی کە ڕاشکاو و ڕاستگۆ بێت ، چونکە سیاسەت زمانی بەرژەوەندیەکانە و ، کاتێک سیاسیەکان لەگەڵ یەکتری دادەنیشن بۆ دانوستاندکردن ، چاویلکەی ڕەش لەچاو دەکەن تا چاوە فێڵاوی و درۆزنانەکانیان بەدیارنەکەوێت ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوڕۆ جیهان بەچرکەساتێکی دەگمەندا تێدەپەڕێت و شتەکان گۆڕاون و وایلێهاتووە کە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پەیوەندی کەسەکان وەستاوە و ، هەروەها کارلێکە نێودەوڵەتیەکان ئاشتی بێت یان جەنگ لەسەر تەلەفۆنی نێوان کەسەکان ڕاوەستاوە ، هەروەها دروستکردنی ئەو پەیوەندی و هاوڕێتی-یانە بە هەموو کەس ناکرێت ، هاوڕێتی کارامەیی دەوێت ، دەشێت دیاریەکی خودایی بێت ، بونیاتنانی پەیوەندی جیاواز هەرتەنها کارامەیی کۆمەڵایەتی نیە ، بەڵکو بریتیە لە هونەرێک لە هونەرەکانی ژیان و هەموو کەس لێینازانێت تەنها ئەوانەی دڵێکی پڕ لە ڕاستگۆیان هەیە ، من هەموو ئەو سیفەتانە لە سەرۆکی هەررێمی کوردستان دەبینم و ، هەروەها پڕۆسەی ڕازیکردنی بەرانبەرەکەت ئەوها ئاسان نیە ، ئەمە گرفتێکە بەروەڕووی سیاسیەکان و پالێوراوانی هەڵبژاردن و فرۆشیارەکانی خانوبەرە و خزمەتگوزاریەکانی تر دەبێتەوە ، لەهەمان کاتدا دەبینین کەسایەتی هەیە کارامەیە لە بەدەستهێنانی دوژمن و ناحەز ، جا هەرچەندە ڕقلێبوونەوەی خەڵک بەرانبەری زیاد بێت ، « ئەو »سەرسامی بەخۆی زیاتر دەبێت ، من ئەو ڕاشکاویەم لە دیمانەکەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بینی کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی « الشرقية » ئەنجامی دا ، کە کۆمەڵێک پەیامی ڕاشکاوانەی ئاراستەی سەرجەم سەرکردە و سیاسیەکانی گەلی عێڕاق کرد ، کە بەڕوونی هۆشداری دانێ کە ئەگەر عێڕاق چارەسەری گڕووپە چەکدارەکان نەکات ، باجێکی قووڕس دەدات و داهاتووی عێڕاق بەرەو مەترسی دەبات ، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم لە یەک کاتدا هەلێکە و پەیامێکە بۆ هەموو لایەنەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاق کە هەوڵبدەن بۆ پێشخستنی ئامرازەکانیان و شێوازی کارکردنیان لەگەڵ ئەو واقیعەی کە هەیە بیگونجێنن و ، تاکە ئینحیازکردن بۆ سەرکردەکانی عێراق بریتیە ئینحیازکردن بۆ وڵاتەکەیان و خەڵکەکەی ، جا هەموو ئەو پەیوەندیە ناوخۆ و هەرێماتی و نێودەوڵەتیە و سەردانی وڵاتان و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کە یەکێکە لە زۆرترین ئامرازی دبلۆماسی هەموو ئەوانە لە لایەک هەرێمی کوردستانی هێنایەوە ناو محافلی نێودەوڵەتی و ، لەهەمان کاتدا ئەوەش دەردەخەن کە سەرۆکی هەرێم ئاگاداری بڕیارەکانی پشت پەردە و ئەو ئەنجامە مەترسیانەی کە لێیدەکەوێتەوە هەیە ، بۆیە هۆشداری لە هاتنی زەنگێکی مەترسی بۆسەر عێراق دەدات ، دیارە ئەمە هەرتەنها بە پیاوی دەوڵەت دەکرێت ، چونکە هەموو سیاسەتمەدارێک ناتوانێت ببێتە پیاوی دەوڵەت و ، خەڵکان هەن ناتوانن بارگرانایی بەرپرسیارێتی هەڵگرن و لێی هەڵدێن ، پیاوی دەوڵەت ئەو پیاوە سیاسیەیە کە شارەزایە لە هونەری سیاسەت و ، تەوزیفیدەکات بۆ سوود و قازانجی گشتی ، ئەو کەسەیە هەردوو چاوەکانی دەبڕێتە بەرژەوەندی نیشتیمانەکەی و ئاسایشی نەتەوەیی و ، کار بۆ گەلەکەی دەکات ، هەموو گەل بێجیاوازی ، نەتەوە بە پیاوی دەوڵەت هەڵدەستێتەوە .