سەلام عومەر: کوالێتی بەنزینە حکوومییەکە ئۆکتانی لە سەروو 91ەوەیە
بەرپرسێكی دابەشكردنی سووتەمەنی ئاشكرای دەكات، کوالێتی بەنزینە حکوومییەکە ئۆکتانی لە سەروو 91ەوەیە و لە بەنزینخانەكان بەشێوەی 24 كاتژمێری دابەش دەكرێت.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، رایگەیاند: "دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری پاڵپشتیكراوی حكوومی بە شێوەی 24 كاتژمێری دەبێت و لە داهاتووشدا ژمارەی بەنزینخانەکان زیاد دەکرێن."
ئاماژەی بەوەش دا : "کوالێتی بەنزینە حکوومییەکە بەو تایبەتمەندییە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کراوە و ئۆکتانی لە سەروو 91ەوەیە و هیچ کێشەیەکی نییە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی جەختی كردەوە:" ئومێد دەکەنی لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیرانی بەنزین کۆتایی پێ بێت."
رۆژی 13ی8ی2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی لەبارەی نرخی بەنزین دەركرد و رایگەیاند: "بەنزینی بازرگانی بە نرخی 750 دینار دابین دەکرێت بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واتا جیاوازی ئەو نرخە لەگەڵ بەنزینی بازرگانی لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت."
روونیش کراوەتەوە: "دابەشکردنی بەنزینەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سووتەمەنی و کانزاکان دەبێت بە ڕەچاوکردنی کوالێتی بەنزینەکە."