کەشناسی: سبەی لە سەنتەری هەولێر و کەرکووک بەفر دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکووک بەفر دەبارێت.

شوبات 22, 2025 - 14:21
کەشناسی: سبەی لە سەنتەری هەولێر و کەرکووک بەفر دەبارێت

رۆژی شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ لە رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر و بارانی کەم". لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەفر لە زۆربەی ناوچە بەرزەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت. بەفر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت؛ هەروەها بەفرێکی کەم لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و کەرکووکیش دەبارێت". محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفربارینەکە جگە لە سەنتەری شارەکان، قەزا و ناحیەکانی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە". ئەو کەشناسە گوتی: "بەفربارینی هەولێر و کەرکووک کەم دەبێت لەشێوەی کڕێوە، دۆخی کەشوهەواش تاوەکو چوارشەممە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە". بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی سێ پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی دیکە دادەبەزێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بەمشێوەیە دەبێت:

 هەولێر؛ 6 پلەی سیلیزی

 سلێمانی؛ 2 پلەی سیلیزی

 دهۆک؛ 4 پلەی سیلیزی

 زاخۆ؛ 5 پلەی سیلیزی

 هەڵەبجە؛ 3 پلەی سیلیزی

 کەرکووک؛ 7 پلەی سیلیزی

 گەرمیان؛ 7 پلەی سیلیزی

سەرچاوە: ڕووداو