پێگەی ھەرێم لە قوڵایی دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی
تەنیا کوردی
گەر لە قوڵایی دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دیقەت بدەین ئەم تەعریفەی پڕۆفیسۆر جۆرج سۆرێنسن لە پەرتووکی
Order and Disorder in World Politics سەرنجمان یەکڕاست دەخاتە سەر کارەکتەری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کاتێ جۆرج دەنووسێت:
"دیپلۆماسیی کاریگەر لە ناوچە ئاڵۆز و پڕ لە ململانێکاندا، لەسەر چەمکی هاوسەنگیی نەرم و دروستکردنی تێگەییشتنی هاوبەش کار دەکات. سەرۆکە ژیرەکان ئەوانەن کە دیپلۆماسییەت ناکەنە ناوەندێک بۆ دابەشکردنی جیهان بەسەر 'دۆست و دوژمن'، بەڵکوو دەیکەنە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی سەقامگیری. لەم ھاوکێشەیەدا، ڕێزگرتنی جیهانی بۆ سەرکردەیەک دروستنابێت کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات، بەڵکوو لە توانای ئەو سەرکردەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەکتەرە ناکۆکەکاندا دروستدەکات و دەرگای گفتوگۆ بە کراوەیی دەھێڵێتەوە تەنانەت لە سەختترین قۆناغەکانی قەیراندا دیالۆگ بە دەرفەت دەزانێت."
لەم نووسینەدا گەر وردبینەوە وەڵامی ئەم پرسیارەی ئێستای نێو رای گشتی ھەرێمی کوردستانمان دەستدەکەوێ کە دەپرسن بۆ مانەوەی پێگەی ھەرێم لەم دۆخەی ئێستا بەرگریی بەچی بکەین و چۆن ھەرێمەکەمان بەھێز بکەین، وەڵامەکە لە قوڵایی دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دایە کە بە کوالێتییەکی بەرزی دیپلۆماسی لەناوچەکەدا توانیویەتی پێگەی ھەرێم بپارێزێ و بەھێزی بکات.
ئێمە باسی ھونەری نەتوانەوە دەکەین لەنێو پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکەدا کە لەم قۆناغەدا لەنێوان شەڕ و ئاشتییدا کام رێگا بۆ سەرکەوتن ھەڵبژێرین، بەشەڕ بەرگریی لە دەسکەوت و پێگەی ھەرێمەکەمان و حوکمڕانییەکەی بکەین یانیش بە دیالۆگ و دروستکردنی دەرفەت و دیپلوماسیەتێکی کاریگەر و ھاوسەنگ.
لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە پڕبووە لە ھوتافی شەڕ، رووناکییەک ھەیە بۆ بەرپاکردنی ئاشتی وەک بینیمان درەوشانەوەی پێگەی ھەرێم لە دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
لە بەغدا: وەک کلیلی چارەسەر بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان و پاراستنی هاوسەنگیی ھەولێر و بەغدا ھەمیشە کاراو باڵایە.
لە تاران: وەک میحوەرێکی هێورکەرەوە و ھەمیشە لە قۆناغی سەختدا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی قەیرانە قووڵەکان، ئەم دیپلۆماسیەتە خولقێنەری دەرفەت و شکێنەری قەیرانە.
لە ئەنقەرە: وەک هاوبەشێکی ستراتیژی بۆ دانانی هاوکێشەی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دیپلۆماسیەتێکی بەھێز و متمانەپێکراوە.
لە دیمەشق: وەک کەناڵێکی نەرم بەڵام کاریگەر و فریادرەس لە ھاوکێشە ھەرێمییەکان دا، پڕ لە جولە و دەسکەوتە.
لە خەلیج، پاریس، لەندەن و واشنتن: وەک سەرکردەیەکی واقیعبین و پێگەی بڕیار و سەنگین، کە توانای نەخشاندنی هاوسەنگیی هەیە لە نێوان هێزە جیهانییەکاندا، جێگەی ئومێدە.
ئەم قوڵاییە دیپلۆماسییەی سەرۆک وای کردووە ناوچەکە و جیھان ڕێز لە پێگەی سەرۆک بگرێت و کاریگەریشی لەسەر مانەوەی پێگەی ھەرێم بەبەھێزی ھەبێت..
ئەم دیپلۆماسیەتەیە متمانەی ھەمووان لە پێناو ھەرێمێکی بەھێز کۆدەنگ دەکات، دەرفەت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و گرەنتیکردنی داھاتوو دەخولقێنێت.
وەک ھەمیشە نەھجی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وایە کە پێگەی ھەرێم لەسەر ڕاستییە جیوپۆلیتیکییەکان دەکاتە کردار؛ دەشیسەلمێنێت کە ئاسایش لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێزەوە نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی دروستکردنی لێکتێگەیشتن و پاراستنی خاڵە هاوبەشەکان لەناوچەکەدا بەرجەستە دەبێت.
ئەم دیپلۆماسییەتە هاوسەنگە گرنتیی مانەوە و پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەنێو ھەموو ئەو پێشھات و رووداوانەی لە رۆژھەڵاتی ناویندا ھەن کە پێگەی ھەرێمی کوردستانی پێوە بەندە.
بۆیە ھەمیشە و لەھەر قۆناغێکی سەختدا کە ھەرێم بکەوێتە ژێر ھەڕەشەو قەیرانە قووڵەکان، نێچیرڤان بارزانی خولقێنەری دەرفەت و شکێنەری قەیرانەکانە.