پێشمەرگەیەک 40 هەزار دۆلار دەدۆزێتەوە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پێشمەرگەیەکی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لەناو بازاڕی سۆران 40 هەزار دۆلاری ئەمریکیی دۆزیوەتەوە و رادەستی خاوەنەکەی کردووەتەوە. ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "جگە لە پاراستنی نیشتمان، پاراستنی ماڵی هاووڵاتییانیش ئەرکمانە."

تشرینی یەکەمی 27, 2025 - 15:51
پێشمەرگەیەک 40 هەزار دۆلار دەدۆزێتەوە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە
رۆژی پێنجشەممە،27ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پێشمەرگەیەکی هێزەکانی پشتیوانیی یەک بەناوی رێگر شوجاع محەممەد، لەناو بازاڕی سۆران 40 هەزار دۆلاری دۆزییەوە و بە ئەمانەتەوە پارەکەی رادەست کردەوە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "چەندین نموونەی ئەم هەڵوێستە جوانانە لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بینراون، کە بەشێکن لە کولتووری پێشمەرگە لەڕووی دەستپاکی، رەوشتبەرزی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان."
 
رێگر شوجاع محەممەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ ئێوارە لەناو بازاڕی سۆران بڕێکی زۆر پارەم دۆزییەوە، کە 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو؛ دوای گەڕانێکی زۆر و چەند کاژێرێک توانیم خاوەنەکەی بدۆزمەوە؛ دوای دڵنیابوونەوە لەوەی کە پارەکە هی ئەوە، بە ئەمانەتەوە پارەکەم بۆ گەڕاندەوە."
 
ئەو پێشمەرگەیە دانیشتووی سۆرانە و لە حاجی ئۆمەران دەوام دەکات گوتی: "22 ساڵە پێشمەرگەم، ئەرکی ئێمە تەنیا پاراستنی نیشتمان و خاک و وڵات نییە، بەڵکو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانیش ئەرکمانە."