پەروەردەی سلێمانی: لە زۆربەی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە
دوای زیاتر لە مانگێک بایکۆت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە زۆربەی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە. بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەکانی گەرمیان بایکۆت بەردەوامە.

نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئاداری 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر لە 600 قوتابخانە لە پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی بایکۆت بوو، ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە و بایکۆت نەماوە".
هاوکات بەرپرسێکی باڵای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە 80%ـی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەوڵەبجە خوێندن ئاسایی بووەتەوە، 20%ـەکەی دیکەی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتی بەشێکی مامۆستایانەوە لەو بەشەیان دەوام ئاسایی نەبووەتەوە".
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بایکۆتی مامۆستایان هەبوو، بەڕێوەبەری پەروەردەی سنوورەکە دەڵێت، بایکۆت لای ئەوان بەردەوامە. عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری گەرمیان جگە لە سێ ئامادەیی و قۆناخەکانی 12 و بەشێکی قۆناخی 09ـی بنەڕەتی، بایکۆت لە زۆرینەی سنوورەکە بەردەوامە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتی: "بەردوامیی بایکۆت زیانی زۆر بە قوتابیان و دواڕۆژیان دەگەیێنێت؛ داواکارین حکومەت لە هەولێرەوە مامۆستایانی ناڕازی بانگ بکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان گوێ لە داواکانیان بگرێت، چونکە چ مامۆستا بێ یان قوتابی هەر کەسوکاری خۆمانن".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان رەتیکردەوە هیچ مامۆستایەک بەهۆی بایکۆتەوە سزا بدرێت و گوتی: "هیچ مامۆستایەک بەهۆی بایکۆتەوە نە سزادراوە و نە هەڕەشەی سزای لێکراوە".
لە خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، یەکەمجار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26-01-2025ـەوە بایکۆت دەستیپێکردەوە.
لە خوێندنی ساڵی 2023 – 2024دا، لەگەڵ دەستپێکی خوێندن لە 13-09-2023، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
سەرچاوە: ڕووداو