سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025، راگەیاند، "دامەزراندنەکە پشت بە خاڵبەندی دەبەستێت."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق گوتیشی، "چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ دەستپێکردن و راگەیاندنی فۆرمی دامەزراندنی ئەلیکترۆنی."
بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی یەکشەممە،9ی تشرینی دووەمی 2025، رێکار و ماوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی روونکردەوە و رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێ پرۆسەکە لەدوای هەڵبژاردنەوە نزیکەی چوار مانگ بخایەنێت."
کۆدی دامەزراندن لە رێگەی کورتەنامە و ئیمەیڵەوە بۆ ئەو کەسانە نێردراوە کە مەرجەکانیان تێدایە. بەپێی راگەیاندنی راژەی فیدراڵی، نامە و کۆدەکە قۆناخ بە قۆناخ بە داواکارانی دامەزراندن دەگات.
دامەزراندنەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەپێی یاسای 59ـی ساڵی 2017ـی عێراق، هەڵگری بڕوانامەکانی ماستەر، دکتۆرا و دیبلۆمی باڵا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی شوێنی نێشتەجێبوونیان دادەمەزرێن.
ساڵی2024 ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دامەزراندنی 67,236 کەسی لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و سێ یەکەمەکانی زانکۆکان پەسند کرد و بە دوو قۆناخ دامەزران. قۆناخی یەکەم 43,304 کەس و قۆناخی دووەم 23,932 کەس.
سەرچاوە: رووداو