سیاسەتی ئاشتیخوازانەی نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسەی هەڵبژاردن
دهۆك بەڕۆژی
خۆشبەختانە، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردووی خۆبەڕێوەبەریی کوردیدا، گەشەیەکی دیاری بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان ئەم گەشەسەندنەی هەرێمی کوردستان بەیەکترقبوڵکردن و لەیەكگەیشتن و کێبڕکێی سیاسی و دیموکراسی و لەڕێگەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد بەدەستهاتووە.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ـ سەرۆکی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەکی دیاریکراو هەوڵی داوە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی دیموکراسی، ئاشتیخوازانە و بێ توندوتیژی بەڕێوەببرێت.
#هاوبەشی سیاسی و پێشبڕكێكارانە دیموکراسی:
وتارەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بانگهێشتی هاوبەشی سیاسیی و بەرزبوونەوەی پێشبڕكێكارانەی دیموکراسی بەردەوام تێدایە. ئەو بەشێوەیەکی ڕوون وتوویەتی: "پارتە سیاسییەکان دوژمنی یەکتر نین، بەڵکو هاوبەشن لەبەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە و هاوشانی یەکترن لە سیستەمی سیاسی و گەشەسەندنی کوردستاندا".
ئەم وتەیە بەڵگەیە بۆ ئەوەی دیموکراسیی هەرێم لە ڕێگەی گۆڕانکاریی ئاشتیخوازانە و گفتوگۆی سیاسی بەدەست بهێنرێت، نەك لە ڕێگەی پێشبڕكێكارانە توند یان یەکتر ڕەددکردنەوەی بەردەوام.
#بەشداریی ئافرەتان:
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەشداریی ژنان لەکایەکانی سیاسەت و ڕۆڵ بینین بۆ بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە وەك پێویستییەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرەوپێشچوونی هەر میللەتێك دەبینێت، ئەو لە وتەکانیدا دەڵێت: "پێویستە ژنان لە هەموو ئاستەکان، بە تایبەتی لە پەرلەمان و حکومەت، دەرفەتی چالاکیان هەبێت".
ئەم پەیامە، پەیامی بەهێزە بۆ پشتگیریی لەماف و ئازادی ژنان، بۆیە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم وڵاتە لەڕێگەی دیموکراسییەتەوە، مەبەستییەتی ژنان هاوشانی پیاوان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی و پێشکەوتووتر ڕۆڵ ببینن.
#یەکترقبوڵکردن و ئاشتیخوازی:
وتاری سیاسی نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسەی هەڵبژاردن، دەرخەری پەیامێکی ئاشتیخوازانەیە و زمانی لەیەكگەشتنی مەدەنییانە زیاتر دەکات، پەیامێکە بۆ گۆڕانکاری زیاتر و گەیشتن بەئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراتیخواز.
ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچۆن ىێت و لایەنەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنە ئەنجامەکان بە ئاشتی و دڵێکی فراوان قبوڵ بکەن، ئەوا داهاتووی ئەم وڵاتە گەشە و پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی و گەشەسەندن و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە.