چەند پێشمەرگەیەک کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە خانەنشینکراون، بە رادیۆی رووداویان راگەیاند: "نزیکەی ساڵێکە هیچ مووچەیەکمان پێنەدراوە و لە دۆخێکی دارایی سەختدا دەژین." هەروەها داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی دەکەن بە زووترین کات کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
رۆژی سێشەممە، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە سێ هەزار دۆسیەی ئەو پێشمەرگانەی یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە، مامەڵەکانیان تەواو کراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراون."
فەتحوڵڵا عومەر گوتیشی: "لەکاتی گەڕانەوەی ناوەکانیان، هەموو مووچەکانیان بەیەکەوە بۆ خەرج دەکرێت و هەوڵیش دەدەین مۆڵەتی کەڵەکەبووشیان بۆ خەرج بکەین."
بەڵام سەبارەت بە ئەفسەران، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە گوتی: "دۆسیەی ئەفسەرەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیین بۆ ئەوەی کاروباری ئەوانیش تەواو بکەین."
فەتحوڵڵا عومەر ئاماژەی بەوەدا هەزار و 803 ئەفسەری پێشمەرگەی میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80، دۆسیەکانیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و بڕیارە لەم مانگەدا فەرمانەکەیان بگەڕێتەوە.