لارا دزەیی دیزاینەکانی دەباتە بەناوبانگترین هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا

لە یەکێک لە گرنگترین سەکۆیەکانی فاشن لە جیهاندا، لارا دزەیی، دیزاینەری ناسراوی کورد، بە کۆمەڵە دیزاینێکی نوێوە بە ناوی (میلانی جادوویی - Milan Enchanted) بەشداریی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ بەهار و هاوینی 2026 کرد و چیرۆک و کولتووری کوردی پێشکێشی جیهان کرد.

ايلول 28, 2025 - 09:12
لارا دزەیی دیزاینەکانی دەباتە بەناوبانگترین هەفتە نمایشی جلوبەرگ لە جیهاندا
لارا دزەیی، لە دوو هەڤپەیڤینی تایبەتدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو، لە میلان، وردەکاریی کۆمەڵە دیزاینەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئامانجی "درەوشاندنەوەی میلان بووە بە رەنگ و چیرۆکی کوردی". کۆمەڵە دیزاینەکەی کە کاری نۆ مانگی بەردەوامی لە پشتەوە بوو، لە 30 دیزاینی جیاواز پێکهاتبوو کە هەر یەکێکیان چیرۆکێکی لە مێژوو، کولتوور و هێما نەتەوەییەکانی کوردستانەوە دەگێڕایەوە.
 
نمایشەکە بە دیزاینێک دەستیپێکرد کە لەبارەی قەڵای دێرینی هەولێر بوو. لارا دزەیی، لەمبارەیەوە گوتی: "زۆر گرنگ بوو بە دیزاینێکی بەهێز دەستپێبکەم. قەڵای هەولێر هێمای خۆشەویستیی هەموومانە، بۆیە کردمانە ئاوێنەیەک و بە دیزاینێک کە نمایشکارێکی باڵابەرزی شکۆمەند لەبەری کردبوو و نمایشەکەمان پێ کردەوە".
 
دیزاینەکانی دیکە چیرۆکی جیاوازیان دەگێڕایەوە؛ لەوانە دیزاینێک بۆ نەورۆز کە وەک لارا باسی کرد، "شایی و سەمای نێوان مرۆڤ و سرووشت" بوو، هەروەها دیزاینی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، شاژن عەشتار، حەپسەخانی نەقیب و کولتووری کوردی ئێزدی تەرخان کرابوون. نمایشەکە بە دیزاینێکی بەهێز کۆتاییهات کە رەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لەخۆگرتبوو و بووە هۆی کاردانەوەیەکی گەورە لەنێو ئامادەبوواندا.