گۆڕی ئایشە شان دەگوازرێتەوە ئامەد
گۆڕی ژنە هونەرمەندی باکووری کوردستان، ئایشە شان بە دەستپێشخەریی نووسەرێک و پشتیوانیی دەم پارتی، دەگوازرێتەوە ئامەد.

حەسەن ئاکباڵ، نووسەرێکی کوردی باکووری کوردستانە و ئێستا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد دەژی، دەستپێشخەرییەکی بۆ گواستنەوەی گۆڕی هونەرمەند ئایشە شان لە پارێزگای ئیزمیری تورکیاوە بۆ ئامەدی باکووری کوردستان کردووە. عەبدولرەحمان ئاکبوڵوت، پارێزەری حەسەن ئاکباڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئایشە شان لە گۆڕستانی بێکەسان نێژرابوو، بەڵام حەسەن ئاکباڵ گواستییەوە بۆ گۆڕستانێکی دیکە و کێلی بۆ دروستکرد و نۆژەنی کردەوە. لەسەر گۆڕەکەی ناو و زانیاریی رۆژبوون و کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندەی نووسی. پاراستن و خزمەتکردنی ئەو گۆڕەی لەئەستۆگرتووە. ئێستاش پێشنیازی گواستنەوەی گۆڕەکە بۆ ئامەد دەکات". ئەو پارێزەرە، رۆژی شەممە (22-2-2025) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "پێویستە گۆڕی شاژنە بێ تاجەکەی میوزیکی کوردی، ئایشە شان لە ئیزمیرەوە بگوازرێتەوە نیشتمانی دایکی کە دیاربەکرە. ئەو ساڵانێک لە مەنفا و ژێر گوشاردا ژیا." لەبارەی ئەوەی 'ئایا پرۆسەکە گەیشتووەتە کوێ؟' ئاکبوڵوت راگەیاند کە لەگەڵ منداڵەکانی ئایشە شان قسەیان کردووە و رەزامەندیش وەرگیراوە، هەروەها گوتی "سەرەتا بارۆی ئامەدمان لێ ئاگادار کردەوە، دواتریش قسەمان لەگەڵ ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی کرد. لەمبارەیەوە گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی کولتوور و هونەریی پارتەکە دا کرد. بابەتەکە لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی دەم پارتی دا باسی لێوە کراوە. بەگوێرەی پێشهاتەکان ئەم کارە دەکرێت و گۆڕی ئایشە شان دەگوازرێتەوە ئامەد." ئاکبوڵوت هەروەها رایگەیاند، ئەگەر پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـش کارەکەی نەکردبا، حەسەن ئاکباڵ خۆی لە ئەستۆی دەگرت. هەروەها رایگەیاند، ئەم هەنگاوە وایکردووە، داواکاری بۆ گەڕاندنەوەی گۆڕی دەنگبێژی کورد شاکیرۆ بۆ زێدی خۆی بکرێت، کە ئەویش ساڵی 1996 لە ئیزمیر کۆچی دوایی کردووە و خەڵکی ئاگرییە. ئایشە شان کێیە؟ - ئایشە شان ساڵی 1938 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. - جگە لە ئامەد، ماوەیەک لە دیلۆک و ئیستەنبووڵ بووە، ماوەیەکیش لە ئەڵمانیا و دواتریش ماوەیەک لە بەغدا ماوەتەوە. دوایین وێستگەی ژیانیشی ئیزمیری تورکیا بووە. - ئایشە شان سەرەتا بەهۆی قەدەخەی زمانی کوردییەوە، لە رادیۆکاندا بە زمانی تورکی گۆرانیی دەگوت. - ساڵی 1963 بەهۆی کێشەی داراییەوە رووی کردە ئیستەنبووڵ و لەوێ لە کۆنسێرت و ئاهەنگەکاندا گۆرانیی کوردی و تورکی دەگوت. - یەکەمین کاسێتی بە زمانەکانی کوردی و تورکی دەرکرد. - بەهۆی گوشاری زۆرەوە ناچار بوو تورکیا بەرەو ئەڵمانیا جێبهێڵێت. - دوای ماوەیەک گەڕایەوە و بەردەوام بوو لە هونەرەکەی، بەڵام جگە لەوە ماڵباتەکەی دژی وەستابوونەوە، لە دەرەوەش گوشاری زۆری لەسەر بوو. - ساڵی 1979 رووی کردە بەغدا و لە رادیۆی کوردیی بەغدا لە ژێر ناوی (ئایشانا عەلی) گۆرانیی دەگوت. هەروەها لە شارەکانی بەغدا، موسڵ، هەولێر و دهۆک کۆنسێرتی سازکرد. - دوایین جار گەڕایەوە شاری ئیزمیر و رۆژی 18-12-1996 بەهۆی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. - ئەگەرچی وەسیەتی کردبوو لە شوێنی لەدایکبوونیدا بنێژرێت، بەڵام ئەو وەسیەتە نەوەک هەر جێبەجێ نەکرا، بەڵکو ئەوکات ئایشە شان لە گۆڕستانی بێکەسان نێژرا.
سەرچاوە: ڕووداو